ساختە هەواڵ هەڕەشەیە بۆ سەر ئازادیی راگەیاندن

دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ هاوڵاتى:

2 ساڵ لەمەوپێش




سازدانی: هاوڵاتى

بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ ئاماژە بەوە دەدات كە ساختەهەواڵ هەڕەشەیە بۆ سەر ئازادی راگەیاندن و دەشڵێت:» چاوخشانێكی خێرا بەمیدیای ئەلكترۆنی، میدیای نوێ، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەشێك لەو مەترسییە دەبینیت كە چۆن هەواڵی راست و ناڕاستت بۆ جیاناكرێتەوە، كە ئەمە هوشیاری تاك دەشێوێنێت».
سەنتەری میترۆ كە رێكخراوێكی سەربەخۆی ناحكومی قازانج نەویستە لەساڵی 2009 دامەزراوە، كەمپینێكی بەناوی «دژە چەواشە» راگەیاند.
 دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ  روونكردنەوەی زیاتر لەبارەی كەمپینی»دژە چەواشە» دەخاتەڕوو.

هاوڵاتى: بارودۆخەكە ئەوەندە مەترسیدارە وادەڵێن، هەواڵی درۆ كۆمەڵگەی كردۆتە ئامانج؟
دیاری محەمەد: بەڵێ بەدڵنیاییەوە، چاوخشانێكی خێرا بەمیدیای ئەلكترۆنی، میدیا نوێ، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەشێك لەو مەترسییە دەبینییت كە چۆن هەواڵی راست و ناڕاستت بۆ جیاناكرێتەوە، كە ئەمە هوشیاری تاك دەشێوێنێت.
ئەوەی تری بەكارهێنانی ئینتەرنێتە بۆ بارزگانی بەمرۆڤ، بەكارهێنانی منداڵ، بازرگانی ئەلیكترۆنی نایاسایی، تەرویج بۆ مادەی هۆشبەر، تەرویج بۆ تیرۆر،  گوتاری رق و كینەو لەسەر ئەساسی جیاوازی دین، نەتەوە، رەگەز، تەنانەت ئینیتمای سیاسی و هاندانی توندوتیژی، ناوزڕاندن و سوكایەتی بەچالاكوانان و كچانی میدیاكارو هونەرمەندو داكۆكیكارانی مافەكانی مرۆڤ. 

هاوڵاتى: ئێوە باس لەهەڵمەتەكانی هۆشیاركردنەوە دەكەن، بەڵام دەنگێكی زۆریش بەرزبووەتەوە داوای یاسایەك دەكات، لەناویاندا لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمان، سەندیكای رۆژنامەنووسان، ئایا یاسایەك بۆ ئەمە پێویست ناكات؟
دیاری محەمەد: هەر ئەم هەفتەیە بەشێك لەوڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، كۆبوونەتەوە و گەیشتوونەتە رێكەوتنێك، كە بە « مێژوویی» وەسفكرا، بۆ رێكخستنی فەزای ئەنتەرنێت و ئەو ناوەرۆكانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكرێتەوە.
 واتە كێشەی هەواڵی ساختەو ناوەرۆكی خراپ، لەچوارچێوەی یەك وڵاتدا نییە، بەڵكو پەتایەكی جیهانییە، بەڵام ئەوان فشار دەكەنە سەر كۆمپانیا گەورەكانی وەك گوگڵ و تویتەرو میتا (فەیسبوك)، بۆ بەهێزكردنی لایەنی سانسۆر بۆ سەر ئەو ناوەرۆكانەی كە زیان بەخشن، بەمانای سانسۆركردنی خۆیان بۆ ئەو ناوەرۆكەی بڵاویدەكەنەوە، داوادەكەن ئاسانكاری بۆ بەشداربووان بكەن كە شكات بكەن، هەندێ رێوشوێنی تریش بگرنە بەر ئەگەر نەیكەن، ئەوا سزایان دەدەن.
ئێمە یاسایەكمان ناوێ بۆ كۆتوبەندكردن، چونكە تەنها شوێنێك كە بەئازادی تەواو هاووڵاتیان رای خۆیان تیا بڵاودەكاتەوە ئەو تۆرانەن، ئێمە تیشكدەخەینە سەر هۆشیاركردنەوە، پێمانوایە ئەمەیان باشترە.

هاوڵاتى: ئامانجی كەمپینەكەتان راگەیاندووە، بەڵام چالاكییەكانی ئەم كەمپینە چین؟
 دیاری محەمەد: كەمپینەكەمان بۆ (بەرزكردنی ئاستی هۆشیاری لەدژی بڵاوكرنەوەی زانیاری ناڕاست و نادروست لەهەرێمی كوردستان)، بەئامانجی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری گشتییە لە رێگەی خولی هۆشیاری كەكچان و كوڕانی خوێندكاری بەشی میدیایی زانكۆكان یان تازە دەرچووەكان  لە سەنتەری چالاكییەكانماندان هەم بۆ راهێنانیان هەم بەشێك دەبن لە پرۆژەكەمان.
بە واتای گروپەكانی زانكۆ و تەلەبەی زانكۆكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆكان، پاشان لەگەڵ میدیاكاندا پەیامێك بڵاودەكرێتەوە، كۆنفرانسێكی نیشتمانیی دەكرێت، دەزانین ئەمە بەتەنها بەئێمە ناكرێت، بۆیە دەبێت هەمووان ببنە بەشێكی ئەو پرۆژەیە.

هاوڵاتى : كاریگەری هەواڵی درۆو ناوەرۆكی زیانبەخش، زانیاری چەواشە، بۆ سەر ئازادی میدیا چین؟
دیاری محەمەد: دەسەڵاتی سیاسی لەهەرێمی كوردستان، زۆر شت دەكەنە پاساو بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادی میدیا و رادەربڕین، ئەمە یەكێكە لە مەترسییەكان و باس لەیاسا دەكەن بۆ كۆتوبەندكردن و تۆڵەی هەموو ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەگوزەری، لە ئازادی میدیای بكەنەوە، پرۆژە یاسای میدیای ئەلكترۆنی نموونەیە، لایەكی تری وەرگرو بەشداربووانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان  راست و ناڕاستی لێ شێوێنراوە، بۆیە هەواڵ و ناوەرۆكی چەواشەكارو ناڕاست تەنها مەترسی نییە بۆ سەر تاك و گروپێك، بەڵكو ئاڵانگارییەكی گەورەشە لەبەدەم ئازادی رۆژنامەگەری، داوامان كردووە میدیاكانی هەرێم و ئەوانەی ئازادی میدیایان بەلاوە گرنگە پشتیوانی كەمپینەكەمان بكەن.

هاوڵاتى: پێتان وایە پارتە دەسەڵاتدارەكان یان ئەوانەی لەبەرەی ئۆپۆزسیۆنن چەندە بەرپرسیارن لەگەشەكردنی ئەم دیاردەیە؟
دیاری محەمەد: هەواڵی درۆو دەنگۆ و پروپاگەندە و چەواشەكاری لەكاتی توندبوونی ململانێ سیاسی و چەكداریدا یان كارەساتی سروشتی و یان  بڵاوبوونەوەی پەتا وەك ئەوەی لەسەردەمی كۆرۆنا بینمان یان قەیرانی ئابوری و... هتد ، وڵاتی ئێمە لەناو هەموو ئەم گرفتانەدا، بۆیە زەمینەیەك ئێجگار لەبارە بۆ بڵاوبوونەوەی خێرای هەواڵی ناڕاست و تەنانەت زوو بڕواكردنیش بە درۆ. پەیامی میدیای بەرپرسیار  پەیامی حەقیقەت، ئەوەی لەبڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیاری درۆو چەوشەكاردا دەبێتە قوربانی حەقیقەت، كەوابوو پەیامە پیرۆزەکەی رۆژنامەگەری لەژێر هەرەشەدایە، ئەمە سەرباری ئازادی كاركردنیان. بە رای ئێمە زۆرینەی پارتە سیاسییەكان ئەوانەی دەسەڵاتدارن یان ئۆپۆزسیۆن، سوپایەكی یەدەگیان هەیە ئەوەی پێی دەڵێن سوپا یان میلیشیای ئەلیكترۆنی، كەی بەپێویستیان زانی تۆڕەكان پڕ دەبێت لە زانیاری سەیرو سەمەرەو دوور لەوتووێژی بنیاتنەری سیاسی و مەدەنی، فەزای ئەنتەرنێت دەبێتە مەیدانی شەڕەكەیان، وەك پێشتر وتمان لەم شەڕەیاندا هاووڵاتیان و حەقیقەت قوربانین.

هاوڵاتى : ئێوە هێزی ئەلتەرناتیڤ دروست دەكەن؟  
دیاری محەمەد: ئەلتەرنایڤ دروستكردنی مەرجەعیەتە، مەرجەعییەتی میدیای بەرپرسیش دەبێت پابەندبوون بێ بەئەخلاقیاتی پیشەكەیان بێت، جا لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەواڵ و ناوەرۆكی ئەلیكترۆنی بڵاوبكەنەوە یان تیڤی و رادیۆو رۆژنامەی نووسراو بێت، میدیای پیشەیی مەحكومە بۆ وتنی راستی جا لە برسا بمرێت یان لە ناو زێڕا نوقمی بكەن.

هاوڵاتى : ئەو میدیایە بوونی هەیە؟
دیاری محەمەد: بەڵی جارێ دەزگای میدیای لەو جۆرەو رۆژنامەنوسی ئازاد و راستگۆ هەن كە شەرەفی پێشەكەیان لەكەدار نەبووە، ئەوان هەوێنی پرۆسەی گەڕانەوەی میدیا دەبن بۆ راستەڕێی خۆی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار