هاوڵاتى؛ زانیاری نەبیستراو لەسەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی ئاشكرا دەكات

2 ساڵ لەمەوپێش



 

 

هاوڵاتى

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی یەكشەممەی ئەم هەفتەیە سەردانی سلێمانی كردو لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆبووەوەو پرسی هەڵبژاردن و سەرۆكایەتی كۆمارو زەمینەسازی بۆ كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی نێوان پارتی و یەكێتی تاووتوێ كران.

رۆژی یەكشەممە 22ی ئایاری 2022، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی سلێمانی كردو دوای بەشداریكردنی لەدەرچوونی 503 ئەفسەری نوێ لەقەڵاچوالان لەگەڵ بەرپرسانی یەكەمی یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی كۆبووەوە.

سەرچاوەیەكی نزیك لەنێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ناوەڕۆكی سەردان و كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ هاوڵاتى ئاشكرا كردو وتی:» بەگشتی بەرهەمدار بووە».

هەروەها وتیشی:» لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمار لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی گفتوگۆی كردووە، كە پارتی دەیەوێت بەكاندیدێكی هاوبەش بچینە بەغداو ئەوەی ساڵی 2018 دووبارە نەبێتەوە، وەك پارتی ڤیتۆمان لەسەر هیچ كەسێك نییە بە»بەرهەم ساڵح»یشەوە، بەڵام دەمانەوێت لەسەر كارنامەیەك رێككەوتن بكرێت كە لەو ماوەیەدا چی دەكات بۆ كورد».

هەروەها باسی لەوەشكرد كە بافڵ تاڵەبانی پێی راگەیاندووە كە ئەوان تائێستاش تاكە كاندیدیان بەرهەم ساڵحە، وتیشی:» كاك  بافڵ پێشنیازی كردووە  هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەی ساڵێك و زیاتر دوابخرێت، بەڵام نێچیرڤان بارزانی پێی وتووە كە رەنگە دۆستەكانمان (یوئێن، ئەمریكا، وڵاتانی ئەوروپا) فشار بكەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان»، لەوەڵامدا «كاك بافڵ پێی وتووە ئەگەر پارتی بەوە رازی بێت كاندیدی سەرۆك كۆمار رەنگە مەجالی گۆڕینی تێدا بێت، بەڵام ئەگەر رازی نەبێت كاندیدەكەمان ناگۆڕین، . فشارمان لێبكرێت ئەوە بەرهەم ساڵح تاكە كاندیمان دەبێت».

هاوكات باسی لەوەشكرد كە نێچیرڤان بارزانی بزوتنەوەی گۆڕان و شێخ جەعفەر مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێمی ئاشتكردووەتەوە كە لەساڵانی رابردوو شێخ جەعفەر دۆشكەی ناوە بەگردەكەی گۆڕانەوە، وتیشی:» لەماڵی شێخ جەعفەر نیوەڕۆخوانێك ئامادە كراوەو عومەر سەید عەلی، چیای نەوشیروان مستەفا بانگهێشت كراون، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانیش لەوێ بوون، نێچیرڤان بارزانی ئاشتی كردوونەتەوەو تەنانەت عومەری سەید عەلی و چیای نەوشیروان مستەفا هیچ قسەیەكیان لەسەر قسەكانی نێچیرڤان بارزانی نەبووەو پشتیوانیان كردووە و بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانیش لەگەڵ ئەوەبوون ئاشت ببنەوە».

دەربارەی گفتوگۆكانی لەگەڵ سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئەو كەسە نزیكەی نێچیرڤان بارزانی وتی:» دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، مامۆستا سەڵاحەدین یەكسەر چووە بەغدا و پەیامی یەكێتی و پارتی پێكەوە گەیاندە لایەنەكانی نزیك لەئێران بۆ ئەوەش كاك بافڵ و كاك نێچیرڤان بارزانی وەك نوێنەری هەموو كورد بەتایبەت پارتی و یەكێتی ناردوویانە تا بزانن چ لایەنێك لەگەڵ داواكارییەكانی كوردە».

هاوكات ئەوەشی خستەڕوو، كە سەڵاحەدین بەهادین لەئەولەویەتی ئەو شتانەی باسی دەكات، پرسی نەوتی هەرێمی كوردستان دەبێت، وتیشی:» هێشتا كۆبوونەوەكانی سەڵاحەدین بەهادین تەواو نەبوون، بۆچوونی سەڵاحەدین بەهادین زۆر گرنگ دەبێت لەو بابەتەدا، تەبعەن دوای گەڕانەوەی ناوەرۆكی پەیامی ئەو لایەنانە دەداتە كاك نێچیرڤان بارزانی و كاك بافڵ تاڵەبانی».

دەربارەی پرسی نەوتی خاو كە بەغدا داوای دەكات، ئێران لەو پرسەدا چ رۆڵێكی هەیە، سەرچاوە نزیكەكەی نێچیرڤان بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە»ئێران پێش دوو مانگ پێشنیازی كردووە كە ئەگەر لەگەڵمان رێكبكەون دادگای فیدراڵی و بڕیارەكانی چارەسەر دەكرێن، تەنانەت خودی ئیسماعیل قائانی، بەرپرسی فەیلەقی قودس هاتە لای جەنابی كاك مەسعود و پێی وت رێككبكەون بۆ حكومەتی عێراق پرسی نەوت لە دادگای فیدراڵی چارەسەر دەكەین، بەڵام بە راستی پارتی سیقەو متمانەی نییەو گومانی هەیە، چونكە ئێستا میلیشیاكان هەر رۆژە و پرسێك دروست دەكەن و موشەك دەهاوێژن و هەڕەشە دەكەن».

ئەو بەرپرسەی پارتی كە نزیكی نێچیرڤان بارزانییە ئەوەشی دووپاتكردەوە كە لەبارەی هەڵبژاردنەوە پارتی حەزناكات هەڵبژاردنەكان زۆر دوابخرێت، وتیشی:» خۆتان دەزانن كێشەكە ئەوەیە یاسای هەڵبژاردن داوای هەمواركردنەوەی دەكەن و كۆمسیۆن كارا نەكراوەتەوە، بەڵام پارتی دەیەوێت لەبەهاری ساڵی داهاتوو واتا مانگی چوارو پێنج هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجامبدرێت، كاك نێچیرڤانیش ئەوەی بە لایەنە سیاسییەكان وتووە، بەڵام پێی وتوون دەبێت رێككبكەوین لەسەر وادەكەی».

«سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی ئەوەبوو پەیامی سەركردایەتی پارتی گەیاند، دەربارەی كێشە سیاسییەكان وەكو جێگری سەرۆكی پارتی ئامادەیی هەبووە جگە لەبۆنەكەی قەڵاچوالان كە وەك سەرۆكی هەرێم بووە، بێگومان ئەو پەیامە بووە كە لەدوایین كۆبوونەوەی سەركردایەتی پارتی هاتووە، نە بارزانی و نە پارتی وەكو حزب نە ڤیتۆو هێڵی سوری لەسەر هیچ كەس و حزبێك نییە، تەنانەت گۆڕان لەهەڵبژاردنی ئەمدواییە هیچ كورسی نەهێنا بەڵام پارتی پێی وابوو دەبێت بۆچوون و هەڵوێستی بەهەند وەربگیرێت لەسەر پرسی بەغداد».

سایتی هاوڵاتى، وەك یەكەمین دەزگای میدیایی لە رۆژی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی لە رێگەی بەدواداچوونەكانییەوە ئەوەی هەگبەی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی ئاشكرا كرد كە لەكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی حزبەكەیدا راسپێردراوە كێشەكان لەگەڵ یەكێتی چارەسەر بكرێت و بۆ ئەو مەبەستەش نێچیرڤان بارزانی ئەو ئەركەی گرتۆتە ئەستۆ  كە بە «پیاوە مرونەتەكەی ناو بنەماڵەی بارزانی و پارتی» ناسراوە.

نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت لە رێگەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە لایەنە سیاسییەكان كۆبكاتەوە تا یەكهەڵوێستی بەرانبەر بەغدا دروست بكات لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم كە دادگای فیدراڵی داوای كردووە فرۆشتن و كێڵگە نەوتییەكان رادەستی بەغدا بكرێت.

هەروەها نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت بەتایبەت لەگەڵ یەكێتی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمار گفتوگۆ بكات و پارتی و یەكێتی بگەیەنێتە رێككەوتن و ئەوەش وەك دەروازەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان.

هاوكات دەیەوێت ئەو مەترسیانەی لەسەر قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان هەیە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا تاووتوێی بكات و سەركردایەتی لایەنەكان لەسەكۆی سەرۆكایەتی هەرێم كۆبكاتەوە پێكەوەو پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یەكلابكەنەوە لە رێگەی پەرلەمانەوە كە هەڵبژاردن دوابخرێت بۆ شەش مانگ بۆ ساڵێك.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار