یەکێتی: هەماهەنگی دەکەین بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان
کاتژمێرێک لەمەوپێش
لە راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا هاتووە؛ بەداخەوەن کە بەهۆی لافاوەوە زیانێکی زۆر بەر ماڵ و حاڵی هاووڵاتییان کەوتوە بە تایبەت لە سنوری چەمچەماڵ و کەرکوک کە گیان لەدەستدانی لێ کەوتەوە
ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ وێرای ئاراستەکردنی پەژارە وماتەمیان بۆ کەسوکاری قوربانییەکان، دەستخۆشیش لە تیمەکانی فریاگوزاری و دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەن کە بەردەوامن لە کارەکانیان.
داواش دەکەن هەماهەنگی هەبێت لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی پارێزگاکان و حکومەتی فیدڕالیش لە دابینکردنی ئامێر و کەرەستەی پێویست بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو لە داهاتوودا.
دەقی راگەیەندراوەکە
راگەیەندراوێک لە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە
بەداخەوە کە ئەمرۆ لەم شەپۆڵی بارانبارین و لافاوەی شارەکانی کوردستانی گرتوەتەوە زیانێکی زۆر بەر ماڵ و حاڵی هاوڵاتیان و چەندین شوێنی گشتی کەوتووە ، بەتایبەتی لە شاری چەمچەماڵ لە هەرێم و سنوری لەیلان لە کەرکوک گەیشتە گیان لە دەستدان و خنکان.
وێڕای ئاڕاستەکردنی ماتەم و پەژارەی خۆمان بۆ کەسوکاری کۆستکەوتوان ، دەستخۆشی لە تیمەکانی فریاگوزاری و دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین کە هیممەت بۆ چارەسەری لێکەوتەکانی لافاوەکە دەکەن، بە پەرۆشەوە داواکارین هەماهەنگی و تەگبیری هاوبەشی حکومەتی هەرێم ، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و دەزگا ڕەسمییەکانی حکومەتی فیدڕاڵی لە دابیکردنی ئامێر و کەرەستەکانی پێویستن بگاتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواو و بە زوویی کۆنترۆڵی زیانەکان بکرێن. بەتایبەتی کە ئەم شەپۆڵە ماوەیەک بەردەوام دەبێت و پێویستی بە کۆششی دەستەجەمعی و فریاگوزاری دەستبەجێ هەیە.
