بەرپرسێکی حکومەتی عێراق: بەغدا تەنها یەک موچەی تر دەنێرێت

کاتژمێرێک لەمەوپێش



وەزارەتی دارایی عێراق ماوەی چەند مانگێکە گرفتی بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییە یاساییەکانی بەرامبەر بە‌غدا جێبەجێکردووە. 

لەبارەی چارەنووسی سێ مووچەی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق بە ئاڤای ڕاگەیاند: لەماوەی 21 ڕۆژی کۆتایی ئەمساڵ حکومەت تەنها مووچەی مانگی 12 بۆ کوردستان دەنێرێت، ئەمەش بەمەرجی ئەوەی 120 ملیار لە داهاتی ناوخۆ بنێردرێت. 
 
- مووچەکەش لەدوای 25ی ئەم مانگەوە دەنێردرێت. 

- لە دوای ناردنی ئەو مووچەیەوە ئیتر پاکتاوی دارایی ساڵ دەکرێت و هەموو خەرجییەکان دادەخرێن، بە هۆی نەبوونی یاسایی بودجەشەوە بۆ ساڵی 2026، حکومەتی عێراق تەنها یەک لەسەر 12ی بودجەی ئەمساڵ خەرج دەکات، تاوەکو بودجەی نوێ پەسند دەکرێت. 

- لەگەڵ داخستنی حیساباتی ئەمساڵ، بابەتی ناردنی ئەو دوو مووچەیە دادەخرێت. 

ئەو بەرپرسەی حکومەتی عێراق باسی لەوەشكرد، بابەتی ناردنی ئەو دوو مووچەیە دەکەوێتە ساڵی داهاتوو، یەک چارەسەریش هەیە بۆ ناردنیان ئەوەیش ئەوەیە حیزبە کوردستانییەکان بە تایبەت یەکێتی و پارتی بیکەنە مەرج بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و لە بودجەی 2026 بڕە پارەیەکی باشی بۆ تەرخان بکرێت.

چەند مانگێک پێویستە بۆ پەسندکردنی یاسای بوودجە و ئەمەش گرێنتی نییە ئایا دەنێردرێت یاخود نا. بەڵام مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان و بەرپرسانی باڵای پارتی بەردەوام جەخت دەکەنەوە نابێت ئەو دوو مووچەیە بفەوتێن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار