گەنجانی ئێزدی؛ داوای كشانەوەی هێزەكانی قەزای شەنگال دەكەن

2 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

 

نزیكەی مانگێكە ژمارەیەك چالاكوانی ئێزدی داوای كشانەوەی هێزەكانی ناو قەزای شەنگال و دەوروبەری دەكەن، بەرپرسێكی خۆسەری شەنگالیش دەڵێت:» ئامادەین بكشێینەوە، بەڵام دەبێت هەموو هێزەكانی دیكەش بكشێنەوە».

سەعید شەمۆ، چالاكوان و ئەندامی گروپی گەنجانی سەربەخۆ لەناحیەی سنونێ لەلێدوانێكدا هاوڵاتى وت: «ماوەی 21 رۆژە  گروپی گەنجانی سەربەخۆ كەپێكهاتوون لە 50 چالاكوان، لەگەڵ خەڵكی ناوچەكە لەناوەندی ناحیەی سنونێ گردبوونەوە ئەنجامدەدەین، دروشمی ئێمە ئەوەیە كە ناوەستین تا داواكارییەكانمان جێبەجێ نەكرێن».

هەروەها وتیشی :»بەداخەوە ناوچەكەمان بووەتە شوێنی شەڕو ئاڵوزی لەنێوان گروپە چەكدارەكان، ئەمە لەكاتێكدایە هێشتا سەرووی 70% ی خەڵكی شنگال ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان «.

شەمۆ  دەشڵێت:» جگە لەپۆلیسی ناوخۆ نامانەوێت هیچ هێزێكی تر پاراستنی ناوچەكانمان بكات، دووەم گەڕانەوەو دابینكردنی ئاشتی و بەرقەراری ئەمنی لەتەواوی قەزاكەو پێدانی بەڵێنی كونكرێتی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە كە چیتر شەڕ روونەداتەوە».

خودێدا چوكی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ بەوەكالەت لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى سەرەڕای ئەوەی پشتگیری خۆی بۆ داواكارییەكانی خۆپیشاندەران دەربڕی،  وتیشی:» بەداخەوە تائێستا هیچ لایەنێك بەڵێنی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی ئەوانی نەداوە «.

خودێدا ئەلیاس، بەرپرسی ئەنجومەنی خۆسەری دیمۆكرات لەناحیەی سنونێ سەر بەقەزای شەنگال لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: «ئێمە هەموو كاتێك وتوومانە لەبەرەی خەڵكین و هەر لەبەرەی خەڵكدا دەمێنینەوە، پێش ماوەیەك خەڵكی كۆمەڵگای دووگرێ داوایان لەئێمە كرد هێزەكانی خۆمان بكشێنینەوە، بەبێ دوودڵی داواكاری ئەوانمان جێبەجێ كرد «.

«بەمەرجێك رازی دەبین و هێزەكانی خۆمان دەكشێنینەوە كەهەموو هێزو گروپەكانی تریش بەهەمانشێوەی ئێمە هێزەكانی خۆیان بكشێننەوە» ، خودێدا ئەلیاس وای وت.

بەرپرسی ئەنجومەنی خۆسەری دیمۆكرات لەناحیەی سنونێ سەر بەقەزای شەنگال، ئەوەشی دووپاتكردەوە كە «قبوڵی ناكەن هێزەكانی تر لەناوەندی شەنگال و ناحیەكان و كۆمەڵگاو گوندەكان بن و ئێمە بەتەنها هێزی خۆمان بكشێنینەوە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار