هاوڵاتی؛ روانگەی حكومەتی هەرێم لەبارەی ئیدارەی مەلەفی نەوت بڵاودەكاتەوە

2 هەفتە لەمەوپێش




هاوڵاتی
حكومەتی هەرێمی كوردستان روئیای خۆی لەبارەی ئیدارەدانی مەلەفی نەوت دەخاتەڕوو كە لەبەرنامەیاندایە دوو كۆمپانیای گشتی دابمەزرێنن بۆ نەوت و غاز كە پەیوەندیان لەگەڵ كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی هەبێت بۆ بەبازاڕكردنی نەوت.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بەفەرمی ئەوە دەخاتەڕوو كە دوو كۆمپانیای گشتی دادەمەزرێنێت ئەوانیش كۆمپانیای هەرێمی كوردستان بۆ نەوت و غاز (kroc) كە تایبەتمەند دەبێت لەبواری دۆزینەوەو دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت و غاز، هەروەها كۆمپانیای كوردستان بۆ بەبازاڕكردنی نەوت (komo) كە تایبەتمەند دەبێـت بەبازاڕكردنی نەوت، دەكرێ لەلایەك هەماهەنگی لەنێوان هەردوو كۆمپانیاكە هەبێت، لەلایەكی ترەوە ئەم هەماهەنگییە لەگەڵا كۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی و كۆمپانیای سۆمۆ لەبوارەكانی هەمان پەیوەندی هەبێت.

هەروەها ئاماژە بەوەشكراوە كە لەگەڵا بوونی هەمان پەیوەندی و هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵا و وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان" هەموو ئەمانەو تەواوكردنی ستراكچەری كۆمپانیای سۆمۆو هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆیی و كردنی بە دامەزراوەیەكی فیدراڵی پێویست بەبڕیاری هاوبەش دەكات، كەدەبێتە مایەی ئەوەی هەرێمی كوردستان بەشدارییەكی راستەقینە لەو كۆمپانیایە بكات و پۆستی جێگری سەرۆكی كۆمپانیاكە بۆ ئەوبێ".

 هاوكات داوای ئەوەش دەكات كە" لەگەڵا بوونی دوو نوێنەری هەرێمی كوردستان لەبەڕێوەبردن و جومگەكانی كۆمپانیاكە، هەروەها هەرێمی كوردستان مافی رەتكردنەوە (ڤیتۆ)ی  هەبێت سەبارەت بەو پرسانەی پەیوەندیان بەهەرێمی كوردستانەوە هەیە".

حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەدۆسیەی پابەندییە داراییەكانی پەیوەست بە دەرئەنجامی دۆسیەی نەوت و غاز، بۆچوونی لەوەدا كورت دەبێتەوە كە بەردەوام بێت لەفرۆشتنی بڕی هەناردەكردنی نەوت لەهەرێم لەڕێگەی هەمان كۆمپانیاكان، هاوكات لەگەڵا پێویستی دووبارە چاوخشاندنەوە بەگرێبەستەكان لەڕووی نرخ و لابردنی هەموو كۆت و ئاستەنگەكان كە كۆمپانیای سۆمۆ بەرامبەر بەپڕۆسەكانی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان دایناوە.

روئیای حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی داهاتی نەوتی هەناردەكراو ئەوەیە كە" پێوستە ئەم داهاتانە بۆ هەژمارێكی بانكی بگوازرێتەوە كە هەرێمی كوردستان خۆی هەڵیبژێرێ و سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی بكات، كە گواستنەوەی دارایی بۆ هەرێمی كوردستان راستەخۆ بێت بۆ ئەوەی شایستەی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بدات".

هەروەها حكومەتی هەرێم دەشڵێن كە" ئەوەی دەمێنێتەوە  بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان بگوازرێتەوە وەك بەشێك لەپشكی بودجەی فیدراڵی، تا ئەوكاتەی كە بەشەكانی تری لەپشكی بودجە لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە بەدەست دەگات".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار