ئەو فەرماندەیەى شەڕى ئێران بەرێوەدەبات کێییە؟

3 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکانی کورد لە ڕۆژئاوای ئێران

عەلی عەبدوڵڵاهی،  فەرماندەى بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیاء بەپێى راپۆرتە رۆژنامەوانیەکان بەهۆى ئەو درزەى کەوتوەتە سەرکردایەتى ئێرانەوە ئێستا کەسى یەکەم و فەرماندەى باڵاى بەرێوەبەرى شەڕی ئێران بەرامبەر ئەمریکاو ئیسرائیلە، دەستی بەسەر بەڕێوەبردنی هەڵمەتى سەربازیدا گرتووە و گوێ بە قسەو لێدوانەکانى پلە سیاسییەکان نادات

لەدواى شەڕى ١٢ رۆژەى حوزەیرانى ساڵى رابردوو بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیاء وەک "باڵاترین دەسەڵاتی ئۆپەراسیۆن" لە هێزە چەکدارەکانی ئێرانە، بەرپرسە لە پلاندانان، سەرپەرشتیکردن و هەماهەنگی هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و ڕۆڵی سەرەکی لە ستراتیژی بەرگری ئێراندا دەگێڕێت.

 بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیاء و سوپای پاسداران وازیان لە پابەندبوون بە فەرمانەکانی سەرەوە هێناوە. ئێستا کەسێک نییە بە تەواوی لە سەرەوە فەرمان بدات. 

 ئەم پیاوە، تا ساڵى رابردوو تەنها عەمید بووە، بەهۆی کوژرانى فەرماندەکانی سەرووی خۆیەوە بازێکی داو ئێستا بۆتە کەسى یەکەم، ناوى تەواى عەلی عەبدوڵڵاهی عەلی ئابادیە لە ساڵی 1959 لە گوندی عەلی ئاباد سەر بە قەزای ڕودبەر لە پارێزگای گیلان لە باکوری ئێران لە دایکبووە. یەکێک لە کەسایەتییە سەربازییە متمانەپێکراوەکانی ڕێبەری پێشوى ئێرانە،  4ی ئەیلولی 2025، بەفەرمانى عەلى خامنەیی ئەو پۆستەى وەرگرت.

عەلی عەبدوڵڵاهی بە کەسایەتییەکی سەرەکی لە پێکهاتەی سەربازی- ئەمنیەتی خامنەیی دادەنرێت. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین پۆستی هەبووە، کە زۆربەیان ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە سەرکوت و پێشێلکردنی مافی مرۆڤەوە هەبووە. ژیانی پیشەیی بە ئەندامێتی لە “لیژنە شۆڕشگێڕە ئیسلامییەکان” لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ دەستی پێکرد و فراوانتر بوو بۆ ڕۆڵی باڵای فەرماندەیی سوپای پاسداران و پۆلیس.

میدیاکانى رۆژهەڵاتى کوردستان دەڵێن عەبدوڵڵاهی لە ساڵانی سەرەتای دوای شۆڕشدا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکانی کورد لە ڕۆژئاوای ئێران. وەک فەرماندەیەکی سوپای پاسداران لەناوچەى سەرپێلى زەهاوو لەپارێزگاى کرماشان، سەرپەرشتی سەرکوتکردنی سەربازی بەرفراوان لە دژی هاووڵاتیانی مەدەنی کورد ڕەوانەى ئەوێ کراووە.

بارەگای ناوەندیی  خاتەمولئەنبیاء  لە ماوەی شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا وەک گرینگترین فەرماندەیی ناوەندی لە کاتی جەنگدا کە سەرپەرشتی هەماهەنگی نێوان سوپای پاسداران و سوپا دەکات پێکهێنرا. 

لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەگەڵ حەوت بەرپرسی باڵای دیکەی ئێران سزای بەسەر عەلی عەبدوڵڵاهی دا سەپاندووە.

لەچەند رۆژى رابردوودا سەبارەت بە شەڕى ئێران و ئیسرائیل ئەو فەرماندەیە وتى: بەردەوام دەبین لەشەڕەکە تا وادەکەین دوژمن هەست بە پەشیمانی بکەن، هێرش دەکەینە سەر ناوەندە سەربازییەکانیان و کەرەستە سەربازییەکانیان و هەرچی پێویست بێت بۆ ئەوەی دوژمن پەشیمان ببێتەوە". ئەمە دواین قسەى ئەو پیاوەیە کە ئێستا سەرکردایەتی شەڕەکە دەکات - نەک عەلى لاریجانی یان مەسعود پزیشکیان و سەرکردایەتی سیاسى ئەو وڵاتە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار