بەغدا بەداهاتی نەوت یەدەگی زێڕو دۆلاری زیاد دەكات‌و هەرێمیش قەرزەكانی

2 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم

عێراقی خاوەن نەوت لەسەردەمی كابینەكەی مستەفا كازمیدا یەدەگی زێڕو دۆلار زیاد دەكات و وەك خۆیان دەڵێن پێشتر ئەو رێژەو بڕە زۆرە نەتوانراوە گلبدرێتەوە و بەمێژوویی وەسفی دەكەن، بەڵام لەسێ ساڵی كابینەكەی مەسروربارزانیدا كە بەهەمان شێوەی بەغدا خاوەنی نەوتە نەك قەرزەكان كەمنەبووەتەوە، بەڵكو زیادیان كردووە.

بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند كەعێراق لەپلەی 10ی جیهان و چوارەمی جیهانی عەرەبییە، كەكڕینی زێڕیان بەڕێژەی لە 35% زیاد كردووەو یەدەگی دۆلاریش ئەوەندە زیادی كردووە لەمێژووی عێراقدا وێنەی نەبووە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان قەرزەكانی سەری لە 27 ملیار دۆلارەوە بۆ 34 ملیار دۆلار زیادی كردووە

عێراق یەدەگی زێڕ

ئەمڕۆ دووشەممە بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند كە بانكەكەیان بڕی نوێی زێڕی ئاشكرا كردووە كە 34 تەنەو بەڕێژەی 35٪ زیادی كردووە»زێڕ بەشێكە لەستراتیژی بانكی ناوەندی بۆ بەڕێوەبردنی سامانەكانی لەپێناو بەدیهێنانی بەرزترین ئاستەكانی سەقامگیری».

هەروەها بانكی ناوەندی باسی لەوەشكردوە، زێڕ یەكێكە لەگرنگترین سەرمایەكان كە لەلایەن بانكە ناوەندیەكان و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەكانەوە دەگیرێتە بەر».

هاوكات بانكی ناوەندی عێراق ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە زێڕ پەناگایەكی پارێزراوە لەبارودۆخی نادڵنیاییدا، بەهۆی قبوڵكردنی نێودەوڵەتیەوە.

یەدەگی دۆلاری عێراق

راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بانكی ناوەندی یەدەگی خۆی لەدراوی بیانی گەڕاندووەتەوە كە نرخەكەی 70 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

محەمەد مەزهەر ساڵح راوێژكاری دارایی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند:» بانكی ناوەندی یەدەگی خۆی لەدراوی بیانی گەڕاندووەتەوە كەنرخەكەی 70 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەمەش سێ هێندەی ئەو قەرزە دەرەكییانەیە كەدەبێت عێراق لەماوەی ساڵەكانی ٢٠٢٢-٢٠٢٨ بیانداتەوە».

راوێژكارەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، عێراق لەنێوان ساڵەكانی ٢٠٢٠-٢٠٢١ بەهۆی كێشمەكێشی نرخەكانی بازاڕی وزەی جیهانی و كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەدوای رێككەوتنەكانی (ئۆپێك +) و خراپبوونی خواستی جیهانی لەسەر نەوتی خاو، رووبەڕووی كێشەی دارایی ببووەوە.

بانكی ناوەندیی عێراق لەمانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو راگەیاند، یەدەگی دراوی بیانی گەیشتووەتە ٦٤ ملیار دۆلار.

پێشتر عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لەكۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەبەغدا رایگەیاند كە دۆخی دارایی عێراق زۆر باشەو پێویستی بەهاوكاری دارایی نییە.

عەلاوی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە لەگەڵ چەند پسپۆڕێكی ئابوری لەسندوقی دراوی نێودەوڵەتی و ئەمریكی رێكەوتنیان كردووە بۆ ئەوەی پاڵپشتی عێراق بكەن لەئەنجامدانی چاكسازی دارایی.

عێراق، دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لەنێو وڵاتانی رێكخراوی ئۆپێك و بۆ تەرخانكردنی بودجەی ساڵانەی بەڕێژەی 90٪ پشت بەداهاتی نەوت دەبەستێت.

لەماوەی رابردوودا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش ئەوەی دووپاتكردەوە كە توانیویانە بەشێوەیەكی بەرچاو یەدەگی دۆلارو زێڕ لەبانكی ناوەندی عێراقدا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بكەنەوە كە لەپێشتردا وێنەی نەبووە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەرێمێكی قەرزارو خاوەن نەوتی خاو

حكومەتی هەرێمی كوردستان بەراورد بەحكومەتی عێراق خاوەن نەوتی خاوەو رۆژانە 410 هەزار تا 450 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووەو مانگانە داهاتی نەوتی دەستكەوتووە هاوشێوەی عێراق بێجگە لەوەی داهاتی ناوخۆی هەبووە.

مەسرور بارزانی لەدوای سوێندخواردنی لەپەرلەمانی كوردستان لە 10ی تەمموزی  2019 دا، لەبەشێك لەوتارەكەیدا رایگەیاند كە» حكومەتێكمان وەرگرتووە كە چەندین ملیار دۆلار قەرزدارە، ئەم قەرزانە كەڵەكەبووی رەوشی نالەباری دارایی دۆخێكی نەخوازراوەو دەبێت هاووڵاتیانی ئازیزمان و هەموو دڵسۆزان لەهەرێمی كوردستان و عێراقیش بزانن، كە بەشی زۆری ئەم قەرزانە دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی عێراقی فیدراڵ».

هەروەها ئەوكات مەسرور بارزانی وتی:»ئەم رەوشە داراییە لەدەسپێكدا كابینەكەمان رووبەڕووی دۆخێكی سەختی دارایی دەكاتەوە، بەڵام هەوڵدەدەین بەپێی بەرنامەی كارمان ئەم دۆخە تێپەڕێنین»، بەڵام كابینەی نۆیەم نەك تێیان نەپەڕاند، بەڵكو قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێمیان زیاد كرد.

قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم تادەستپێكی كابینەی نۆیەم 27 ملیار دۆلار بووە، بەڵام پاش شەش مانگ لەكابینەی نۆیەم حكومەتی هەرێم رایگەیاند كە قەرزەكان گەیشتووەتە 28 ملیار و 470 ملیۆن دۆلار.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانی وتارەكەیدا لەپەرلەمانی كوردستان، باسی لەقەرزەكان و پابەندییە داراییەكانی سەر حكومەت كردو رایگەیاند:» حكومەتی هەرێم زیاتر لە 28 ملیار و 476 ملیۆن دۆلار قەرزو پابەندیی دارایی لەسەرە، كە قەرزە ناوخۆیی و دەرەكییەكان دەگاتە زیاتر لە حەوت ملیار و 256 ملیۆن دۆلار، پابەندییە داراییەكان دەگاتە زیاتر لە هەشت ملیار و 337 ملیۆن دۆلار، پاشەكەوتی موچە دەگاتە نزیكەی نۆ ملیار دۆلار، هەروەها بابەتی هەردوو بانكی بازرگانیی عیراقی (TBI) و بانكی نێودەوڵەتیی كوردستان (KIB) دەگاتە نزیكەی چوار ملیار دۆلار».  

لەلایەكی دیكەوە هەر ئەم كابینەی نۆیەمە لە 28ی حوزەیرانی 2021 ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاشكرایكرد، قەرزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمانگی 10ی ساڵی رابردوەوە بۆ كۆتایی مانگی 3ی ئەمساڵ  لە زیاتر لە 28 ملیار دۆلارەوە گەیشتووەتە زیاتر لە 31 ملیار دۆلار.

ئامانج رەحیم لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا ئاشكرایكرد، لە 3ی 10ی 2020 كە لە راپۆرتەكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمدا هاتبوو، كۆی گشتی قەرز بەدۆلار 28 ملیارو 476 ملیۆن و 675 هەزار دۆلار بوو كە بەدینار دەكاتە 33 ترلیۆن و 659 ملیارو 430 ملیۆن دینار.

هەروەها وتیشی، تا 31ی 3ی 2021، ئەم بڕە پارەیە لە 28 ملیارو 476 ملیۆن و 675 هەزار دۆلارەوە زیادی كردووەو بووەتە 31 ملیارو 637 ملیۆن دۆلار.

هەروەها وتیشی، لەهەمان كاتدا پارەی پێنج مانگی پاشەكەوتی 2020ی خراوەتەسەر، جگە لەوەی هەندێك پارەی قەرزی پەیوەندیدار بە نەوتیش دوای مانگی 10ی 2020 دروست بوو كە ئەوەشی بۆ زیادكراوە.

چەندینجار، رێباز حەملان، راوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ وەبەرهێنان و ئەنجومەنی راژە ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە حكومەتی هەرێم مانگانە 250 ملیۆن دۆلار قەرز دەداتەوە.

هاوڵاتی پرسیاری ئاراستەی جووتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە لەگروپی رۆژنامەنووسان، لەسەر قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم كە چەندەو چەندی دراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی بەڵێنی دابوو دوێنێ وەڵامبداتەوەو زانیارییەكان بنێرێت، بەڵام تائێستا وەڵامی نەبووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار