ئه‌ورووپا له‌سه‌ر توندوتیژی دژ به‌خۆپیشانده‌ران و ڕاگرتنی ئه‌نته‌رنێت له‌ئێران هاته‌ ده‌نگ

2 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی


جۆزێپ بۆرێڵ نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش داوای كرد توندوتیژیی به‌ مه‌به‌ستی سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندانه‌كان دژی مه‌رگی ژینا ئه‌مینی له‌ ئێران رابگیرێت كه‌ به‌ تۆمه‌تی پابه‌ندنه‌بوون به‌ یاساكانی باڵاپۆشی ده‌ستگیركرابوو و دواتر گیانی له‌ده‌ستدا، و رێگه‌ بدرێت دانیشتوان ده‌ستیان به‌ ئینته‌رنێت بگات.

 ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد ده‌ستوه‌ردانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران له‌ خۆپیشاندانه‌كان له‌ راده‌به‌ده‌ره‌ و كوژراو و برینداری لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

جۆزێپ بۆرێڵ تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پچڕاندنی ئینته‌رنێت و سه‌كۆكانی نامه‌گۆڕینه‌وه‌ به‌ مانای پێشێلكردنی ئازادی راده‌ربڕین دێت و یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌كێتییه‌كه‌ پێیان وایه‌ به‌كارهێنانی توندوتیژیی دژی خۆپیشانده‌ران مایه‌ی قبوڵكردن نییه‌ و ناكرێت ره‌وایه‌تی پێ بدرێت.

بۆرێل رایگه‌یاند: "چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین ئێران به‌زووترین كات سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندانه‌كان له‌رێگه‌ی به‌كارهێنانی توندوتیژییه‌وه‌ رابگرێت و ده‌سته‌به‌ری ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ ئینته‌رنێت و ئاڵوگۆڕی ئازادانه‌ی زانیاریی بكات. هاوكات چاوه‌ڕوانین ئێران ژماره‌ی كوژراوان و ده‌ستگیركراوان ئاشكرا بكات، ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ ئازاد بكات كه‌ توندوتیژیی به‌كارناهێنن و مامه‌ڵه‌ی گونجاو له‌گه‌ڵ ده‌ستگیركراوه‌كاندا بكات".

نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش به‌پێویستی زانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ مه‌رگی ژینا ئه‌مینی بكرێت و داوایكرد لێپرسینه‌وه‌ له‌گڵ به‌رپرسیارانی كه‌یسه‌كه‌ بكرێت.

جۆزێپ بۆرێل رایگه‌یاند: "یه‌كێتیی ئه‌ورووپا به‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاینده‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌رجه‌م بژارده‌كانی به‌رده‌ستی سه‌باره‌ت به‌ كوشتنی مه‌هسا ئه‌مینی و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران بۆ خۆپیشاندانه‌كان".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار