کۆشکی ئیلیزێ بۆ پۆتن: بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ماکرۆن بەخێرهاتی
3 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکایەتیی فەرەنسا، ڕایگەیاندووە، پێشوازیی لە ڕاگەیاندنی ئامادەیی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا دەکەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا.
یەکشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆشکی ئیلیزێ ڕایگەیاند "پێشوازی لە ڕێککەوتنی گشتی لەگەڵ کرێملن دەکەین، لە ڕۆژانی داهاتوودا باشترین ڕێگا بۆ هەنگاونان بۆ پێشەوە دیاری دەکەین."
سەرۆکایەتیی فەرەنسا، جەختی لەوە کردووەتەوە، هەموو گفتوگۆیەک لەگەڵ مۆسکۆ "بە شەفافیەتێکی تەواو" ئەنجام دەدرێت، دڵنیای دەدات لەوەی کە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و ئەوروپییەکان لە ناوەڕۆکەکەی ئاگادار دەکرێنەوە، بەو پێیەی ئامانجەکەی گەرەنتیکردنی "ئاشتییەکی تۆکمە و بەردەوام"ە کە بۆ گەلی ئۆکرانیا دەمێنێتەوە.
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا "کرێملین"، درەنگانی ئێوارەی شەممە بە ئاژانسی هەواڵی ( ڕیا نۆڤۆسیتی) ڕایگەیاندووە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی دەربڕیوە.
کۆشکی ئیلیزێ ڕایگەیاندووە "لە سێ ساڵی ڕابردوودا بەردەوامیی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، کۆتایی بە هەر ئەگەرێکی گفتوگۆ هێناوە."
ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ ڕوونبوونەوەی ئەگەری ئاگربەست و دانوستانەکان بۆ ئاشتی، قسەکردن لەگەڵ پوتن جارێکی دیکە سوودی دەبێت.
ڕۆژی هەینی 19ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ڕایگەیاند، جارێکی دیکە گفتوگۆ کردن لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، سوودێکی گەورەی بۆ ئۆکرانیا و ئەوروپییەکان دەبێت. لە هەفتەکانی داهاتوودا دەبێت ڕێگا و ئامرازێک بۆ ئەوروپییەکان بدۆزینەوە، بۆ ئەوەی دووبارە بەشداری گفتوگۆیەکی تەواو شەفاف لەگەڵ ڕووسیادا بکەنەوە.
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، دوای سێ ساڵ بۆ یەکەمجار لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا بە تەلەفۆن لەگەڵ یەکتردا گفتوگۆیان کرد.
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، داوای لە ئەمەریکا کرد فشاری زیاتر بخاتە سەر ڕووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوانیان لەگەڵ ڕووسیا، ئەمەش لە کاتێکدا بوو، دیپلۆماتکاران گەیشتبوونە میامی بۆ خولێکی نوێی گفتوگۆکان.
لێدوانەکانی زێلێنسکی هاوکات بوو لەگەڵ گەیشتنی کیریل دیمیتریڤ، نوێنەری ئابووریی ڕووسیا بۆ میامی، کە لەو کاتەدا شاندەکانی ئۆکرانیا و ئەوروپا بەشدارییان لە دانوستانەکاندا دەکرد بە نێوەندگیری ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا و جارێد کوشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆکرانیا.
