گروپی دۆستایەتی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا داوای راگرتنی هێرشەکانی سەر رۆژئاوا دەکات

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

گروپی دۆستایەتی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا کە لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری چەپ و دیموکراتی وڵاتانی ئەوروپا پێک دێت، داوای راگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای کرد.

گروپی دۆستایەتی کورد کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی لە باڵەخانەی پەرلەمانی ئەوروپا، لە شاری ستراسبۆرگی فەڕەنسا ئەنجامدا. لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەدا، ئەندرێس شیدەر وتەبێژی گروپی سۆسیال دیموکراتی نەمسا ، نیکۆلاج ویلامسۆن جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی چەپ و ڕێکخەری گروپی دۆستایەتی کورد ، فرانسوا ئەلفۆنسی ئەندامی فراکسیۆنی گروپی ئەوروپای ئازاد، ئەڤین ئینجیر لە فراکسیۆنی سۆسیال دیموکرات ، کاترین لانگسیپێن ئەندامی فراکسیۆنی سەوز بەشداریان کرد.

ئەندرێس شیدەر وتەبێژی گروپی سۆسیال دیموکراتی نەمسا هێرشی تورکیا و ئێرانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان ئیدانە کرد و داوای لە سەرۆکایەتی یەکێتی ئەوروپا و دامودەزگاکانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا کرد، لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی ئێران و تورکیا بۆسەر کورد، بێدەنگ نەبن.

نیکۆلاج ویلامسۆن جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی چەپ و ڕێکخەری گروپی دۆستایەتی کوردیش، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای وەک لێدانی گورزێک لە شەڕی دژی داعش پێناسە کرد و داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد، ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، سزای ئابوری و سیاسی بەسەر تورکیادا بسەپێنێت.

ئەڤین ئینجیر لە فراکسیۆنی سۆسیال دیموکرات، داوای لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەنگاوی جددی بنێت و بەرگری لە کورد بکەن.

ئەوەش لەکاتێکدا کە چوار رۆژە، بە بەردەوامی سوپای تورکیا هێرش دەکاتە سەر خاکی رۆژئاوای کوردستان و وڵاتانی زلهێزی جیهان، بە جددی داوایان لە تورکیا نەکردووە کە کۆتایی بە هێرشەکان بهێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار