نەتەوە یەکگرتووەکان: ئێران لە قەیرانێکی قوڵی مافی مرۆڤدایە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 سەرۆکی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەگوێرەی ئامارەکانیان، ١٤ هەزار کەس لە سەرتاسەری ئێران دەستگیرکراون، بێ ئەوەی ئاماژە بە ئاماری کوشتن و بریندارەکان بکات.

ڤۆڵکەر تورک لە دانیشتنی تایبەتی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران قسەی کرد و وتی،" بەگوێرەی ئامارەکانمان، ١٤هەزار کەس لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا دەستگیرکراون کە منداڵیشیان تێدایە، ئەمە ژمارەیەکی سەرسوڕهێنەرە." حەفتەی رابردوو، ئەڵمانیا و ئایسلەندا داوایان کردبوو، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی ئێران کۆبێتەوە، ئەمڕۆش ٤٤ دەوڵەتی جیهان بەشداریان لە کۆبونەوەکەدا کردووە.

هاوکات ئانالینا بایربۆک وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دوێنێ چوارشەممە ٢٣ی تشرینی یەکەم، حکومەتی ئێرانی بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، گرتن و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران ئیدانە کرد.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وتی، " ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت دەنگی خۆی بۆ مافی خەڵکی ئێران بەرز بکاتەوە. ئەندامانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ، دەتوانن هەڵوێستێک لە دژی ئەو نادادپەروەریە دەرببڕن کە رژێمی ئێران بەڕێوەیی دەبات بە مەبەستی دەنگی ناڕازی”.

هەروەها داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کرد، دەنگ بە بڕیارنامەیەک بدەن، سەبارەت بە دروستکردنی میکانیزمێکی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ.

جێگەی باسە نزیکەی ٧٠ رۆژە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی ئێران بەردەوامە. هەرچەندە نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە دەستگیرکردنی ١٤ هەزار کەس دەکات، بەڵام، رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی ئێران، دەڵێن، نزیکەی ١٨ هەزار کەس دەستگیرکراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار