تەرمی یەکێک لە شەهیدانی پاریس لە سلێمانیەوە بەرەو قەندیل بەڕێکرا
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
تەرمی ئەمینە کارا (ئەڤین گۆیی) لە شاری سلێمانی لەلایەن جەماوەرێکی زۆرەوە پێشوازیکرا و رەوانەی قەندیلکرا.
رێورەسمی پێشوازیکردن لە تەرمی ئەڤین گۆیی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، لە مزگەوتی ئەحە سوری بەڕێوەچوو و ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی باکوری کوردستان و ئاوارەکانی کەمپی پەنابەرانی مەخمور بەشداریان تێیدا کرد. تەرمی ئەڤین گۆیی بەرەو قەندیل بەرێکرا و لە گۆڕستانی شەهیدانی پەکەک لە قەندیل بەخاکدەسپێدرێت. لە رانیەش رێورەسمێک بۆ تەرمی ئەڤین گۆیی سازکراوە و بەشداربووان چاوەڕێی گەیشتنی تەرمەکەی دەکەن.
٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە ناوەندی کەلتوری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، کەسێکی بە رەگەز فەڕەنسی هێرشی کردە سەر هاوڵاتیانی کورد و بەو هۆیەوە ئەمینە کارا (ئەڤین گۆیی) هونەرمەند میر پەروەر (محەمەد شیرین ئایدن) و چالاکوانی باکوری کوردستان عەبدولرەحمان کزل شەهید بوون.
هەرچەندە حکومەتی فەڕەنسا، هێرشەکەی وەک هێرشێکی رەگەزپەرستی لەقەڵەمدا، بەڵام پەکەکە و دەزگا کوردیەکان رایانگەیاند، هێرشەکە لەلایەن میتی تورکیاوە پلانی بۆداڕێژراوە و داوا لە حکومەتی فەرەنسا دەکەن، راستیەکان پشت هێرشەکە ئاشکرا بکات.
لە ٩ی کانونی دووەمی سالی ٢٠١٣دا، سێ ژنی کورد بەناوەکانی ساکینجە جانسز یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، فیدان دۆغان نوێنەری کەنەکە لە فەرەنسا و لەیلا شایلەمەز ئەندامی بزوتنەوەی گەنجانی سەر بە پەکەکە شەهیدکران و هەرچەندە هەموو ئاماژەکان ئەوەیان دەرخست کە میت ئەو هێرشەی ئەنجامداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فەرەنسا راستیەکانی ئاشکرا نەکرد.
