شارەزایەکی کەشناسی: سبەی نیوەڕۆ بەفر دەگاتە سەنتەری شارەکان
2 كاتژمێر لەمەوپێش
شارەزایەکی کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، هیچ مەترسییەکی دروستبوونی لافاو نییە، بەڵام لە سبەی نیوەڕۆوە بەفربارین دەگاتە سەنتەری بەشێک لە شارەکان و پلەکانی گەرما زۆر نزم دەبنەوە.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئاشکرای کرد، سبەی (دووشەممە) لە کاتەکانی نیوەڕۆوە بەفربارین دێتە سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک، هەروەها قەزاکانی سۆران و مێرگەسوور و ئەو ناوچانەی 700 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزن.
سەبارەت بە بڕی بارانبارینەکە، ئەو شارەزایە دڵنیایی دەدات کە "مەترسیی جددیی دروستبوونی لافاو لە هیچ شوێنێک نییە" و دۆخەکە تەنیا کەشێکی باراناویی ئاسایی زستانەیە.
بەگوێرەی پێشبینییەکان، بەتایبەت دوای سەریساڵ پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین بەخۆیانەوە دەبینن؛ بەجۆرێک لە پێنجوێن دەگاتە 15 پلەی ژێر سفر و لە سلێمانیش 7 پلەی ژێر سفر تۆمار دەکرێت.
