عەبدولرەحمان کزل شەهیدەکەی پاریس بە رێورەسمێک لە قەرس بە خاکسپێردرا
3 ساڵ لەمەوپێش
عەبدولرەحمان کزل کە لە پاریس شەهیدکرا لە ناوچەی قاخزمانی قەرس بەخاکسپێردرا. پۆلیسی تورکیا و شارەوانی ناوچەکە هەوڵیاندا کە رێگری لە بەخاکسپارنەکە بکەن.
هاوسەرۆکی دەبەپە ساڵیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتارانی هەدەپە سەعید دەدە، رەمزیە توسون، بنەماڵەی کزڵ و بە سەدان کەس لە فرۆکەخانەی هاراکانی پێشوازییان لە تەرکەمە کرد و بەرەو قاخزمان بەرێیان کرد.
شارەوانی قەرس کە لە ژێر بەڕێوەبەری قەیومدایە، ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی تەرمی پێنەدان. بەوهۆیەوە ئەمبوڵانسی شارەوانی پانۆس کە لە ژێر بەڕێوەبەری هەدەپەدایە هێنرایە فڕۆکەخانە. بەڵام پۆلیسەکان بە پاساوی بەڵگەنامەی فەرمی، رێگەیان نەدا کە تەرمەکە بە ئەمبوڵانسەکە بگوازرێتەوە. تەرمی کزڵ بە بارهەڵگرێک لە فڕۆکەخانەوە هێنرایە دەرەوە.تەرمەکە لە رێگەی کاروانێکی ئۆتۆمبێلەوە بەرەو گوندی قەرەگونی قاخزمان کەوتەرێ و تەرمی کزل بە رێورەسمێک بەخاکسپێردرا.
ساڵیحە ئایدەنیز هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی هەرێمەکان (دەبەپە) لە رێورەسمەکەدا قسەی کرد و رایگەیاند، عەبدولرەحمان کزل بۆ چەندین ساڵ لە تاراوگە ژیاوە و وتی، "کورد یان زیندانی دەکرێن، یان دەکوژرێن، یانیش دووردەخرێنەوە بۆ تاراوگە. نەیانهێشت تەرمەکەمان بە گوێرەی نەریتی ئیسلام بەخاکبسپێرین. دەبێت هەموو کەسێک بزانێت عەبدولرەحمان کزل شەهیدی گەلی کوردە. ئێمە درێژەپێدەری داوا و تێکۆشانی ئەو دەبین.
لە دژی ناوەندی کولتوری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لە ٢٣ی کانونی یەکەمدا هێرشێکی چەکداری ئەنجامدرا. لە هێرشەکەدا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ئەمینە کارا (ئەڤین گۆیی)، ئەندامی بزوتنەوەی کولتوری هونەرمەند میر پەروەر (محەمەد شیرین ئایدن) و وڵاتپارێزی کورد عەبدولرەحمان کزل شەهیدکران.
