وەزارەتی دارایی: وەزیری دارایی کۆمەڵێک بڕیاری بۆ خزمەتی خانەنشینان و شەفافیەت دەرکرد
وەزیری دارایی
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی دارایی: وەزیری دارایی کۆمەڵێک بڕیاری بۆ خزمەتی خانەنشینان و شەفافیەت دەرکرد
🔶هاوڵاتی
لەڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی ڕایدەگەیەنێت چەند بڕیارێکی گرنگی لەبارەی بەجێگەیاندنی دۆسییەی شەفافیەت لە داهات و خەرجی سنورەکە و ڕێکخستنەوەی ئیشوکارە بانکیەکانی سلێمانی و بەئەلیکترۆنی کردنی موچەی خانەنشینان و دیجیتاڵکردنی دۆسییەکانیان دەرکرد..
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لە درێژەی سەردانە دوو ڕۆژییەکەی بۆ سلێمانی، ڕۆژی چوارشەممە و پێنجشەممە، (٤و٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢٣) ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: سەردان و کۆبونەوەکانى دوو ڕۆژى رابردوودیان لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەیە کە دەستیان پێکردوە بۆ بەجێگەیاندنی دۆسییەی شەفافیەت لە داهات و خەرجی سنورەکە و ڕێکخستنەوەی ئیشوکارە بانکیەکانی سلێمانی و بەئەلیکترۆنی کردنی موچەی خانەنشینان و دیجیتاڵکردنی دۆسییەکانیان،
هاوکات دوای سەردانیکردنی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی چەندین بڕیاری لەوبارەوەیە دەرکرد.
یەکەم: بینای بەڕێوەبەرایەتییەکە بە تەواوی تەرخان بکرێت بۆ خانەنشینی و کاربکرێت بۆ کارئاسانی مامەڵە و سەردانی خانەنشینان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە
دووەم: هەریەک لە بانکی باخان و بانکی کوردسات تێکەڵ بکرێن و لە چوارچێوەی یەک بانکدا ئیشوکارەکانیان ڕێکبخرێتەوە
سێیەم: سەرجەم دۆسییەی خانەنشینان بەدیجیتاڵی بکرێت و شێوازی نوێ لە ئەرشیفکردنی دۆسیە و دیکۆمێنتەکان کارا بکرێت.
چوارەم: بە ئەلیکترۆنی کردنی موچەی خانەنشینان و دروستکردنی کارتی زیرەکی موچەکانیان کە وەزارەتی دارایی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دەستیپێکردوە، قۆناغەکانی کاراتر و تەواو بکرێت
وەزیری دارایی و ئابوری بەڵێنیشدا بەپێی توانا و لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان هاوکاری و پێداوییستییەکانی دیکەی بەڕێوەبەرایەتییەکە فەراهەم بکرێت.
