ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 111 رۆژە بەردەوامە

پاشەکشێی دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوامە

3 ساڵ لەمەوپێش



ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و کوردستان دوای 111 رۆژ بەردەوامە و لە شارەکانی (ئیلام، کرماشان، مالێ میر، یەزد) یادی کوژراوان کرایەوە و بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامیش رایگەیاند دەبوایە بەهۆی هەڵەی پۆلیسی ئەخلاقەوە داوای لێبوردمان بکردایە.

لە بوشەهەر و یەزد و تاران گەنجان بە سوتاندنی وێنە و پۆستەرەکانی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامبون لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە چلەی و حەوتەمی مەرگی چوار کوژراوی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوچو و یادی لەدایکبونی کوژراوێکی دیکەی ناڕەزایەتییەکانیش لەسەر گڵکۆکەی بەڕێوچو.

بە بەشداریی خەڵکێکی زۆر چلەی مەرگی شۆڕش نیکنام ئەو گەنجە تەمەن 33 ساڵەی کە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد کوژرا بەڕێوچو.

شۆڕش بەهۆی برینداربونی بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ نەخۆشخانەی شاری ورمێ گوازرایەوە بەڵام بەهۆی سەختی برینەکانییەوە دوای زیاتر لە هەفتەیەک بێهۆشی گیانی لەدەستدا.

 

لە شاری کەنگاور لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر یادی چلەی مەرگی ئێحسان قاسمی فەڕ بەڕێوەچو و بەشداربوانیش دروشمیان دژی دەسەڵات وتەوە.

ئێحسان کە تەمەنی 32 ساڵ و یەکێک لە وەزشکارە ناودارەکان بو بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان لە ناڕەزایەتییەکانی شاری کەرەج کوژرا و تەرمەکەشی لە کەنگاوەر بەخاک سپێردرا.

لە شاری ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان مۆمۆی 33 ساڵەی تەمەن لەسەر گڵکۆی موحسین قەیسەری، بەڕێوچو کە بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان لە ناڕەزایەتییەکانی ئیلام کوژرا.

لە شاری ماڵێ میر(ئیزە) لە پارێزگای خوزستان بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر رێوڕەسمی چلەی حامید سەلەحشور و مەحمود ئەحمەدی دو کوژراوی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە بەڕێوچو و بەشداربوانیش رایانگەیاند؛ ئەو سەرە بۆ سەرشۆڕکردن نییە و دەسەڵات دەخاتە سەرئەژنو.

لە شاری یەزد هاوشێوەی مەهاباد و ماڵێ میر بە رێوڕەسمی جەماوەریی چلەی مەهدی زارع ئەشکەزەری  بەڕێوچو و بەشداربوانیش دروشمیان دژی دەسەڵاتی ئێران وتەوە

پاشەکشێی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە

محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ هیچ بەرپرس و کەسێک مافی ئەوەی نییە بەهۆی نەبونی سەرپۆش رێگریی لە خانمێک بکات بۆ بەکارهێنانی میترۆ و ئامرازە گشتییەکانی گواستنەوە.

ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی وتوشیەتی: پێش ئەوەی کۆمەڵگە بگۆڕین پێویستە بەرپرسان خۆیان بگۆڕن و هاوکات دان بە هەڵەی پۆلیسی ئەخلاقی وڵاتەکەدا دەنێت و دەڵێت دەبوایە داوای لێبوردمان بکردایە لەو کەموکۆڕییانەی پۆلیس و مەرگی ژینا ئەمینی.

وتەکانی قاڵیباف لە کاتێکدایە پێشتریش عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران پێچەوانەی هەڵوێستەکانی پێشوی رایگەیاند؛ ئەو ژن و کچانەی سەرپۆشیان نییە نابێت تۆمەتبار بکرێن بە لادان لەدین و دژایەتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.

 

واتسئاپ هاوکاریی خۆپیشاندەران و خەڵکی ئێران دەکات

کۆمپانیای مێتا خاوەنی تۆڕی پەیوەندیی واتسئاپ ئاشکرای کردوە بەهۆی زیادکردنی تایبەتمەندییەکەوە بەشداربوانی ناو وڵاتی ئێران دەتوانن رێگرییەکان و فیلتەر و سانسۆر لە ئینتەرنێتی وڵاتەکەیان تێپەڕێن و بە پارێزراوی پەیوەندیی بە کەسانی دیکەوە بکەن.

ویل کەتکارت، بەڕێوبەری واتسئاپ ئاشکرای کردوە؛ ئەو تۆڕە بە زیادکردنی بەشێکی دیکە ئاسانکاریی کردوە بۆ ئەوەی بە بەکارهێنانی پڕۆکسی یان دژە سانسۆر و فیلتەر لەناو واتسئاپ، بەشداربوانی ئێران و هەر وڵاتێک کە هێلەکانی ئینتەرنێتیان هاوشیوەی ئەو وڵاتەیە و رێگریی و سانسۆرانەری لەسەرە لەمەودوا بە پارێزراوی بەردەوامبن لە پەیوەندییەکانیان.

ئێران بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینیستاگرام و فەیسبوکی لە رێگەی سانسۆر و فیلتەرەوە روبەڕوی کێشە کردوەتەوە و لە ماوەی رابردوشدا واتسئاپ کە زیاترین بەکارهێنانی لە وڵاتەکە هەبو روبەڕوی کێشە بوەوە و بەشداربوانی ئەو تۆڕە بە رێژەی %80 لە یەکتر دابڕی.

بە پێی نوێترین توێژینەوەی نێودەوڵەی؛ ئێران بە بەدەستهێنانی 92.1 پلە بۆ هەستکردن بە ناخۆشی و بێهیوایی بە هەشتەم وڵاتی جیهان ئەژمار دەکرێت کە زیاترین هەستی خۆشبەختی تێیدا لە ئاستێکی نزمدایە.

 

بەفری سپی لەسەر گڵکۆی سوری کوژراوانی بۆکان

گۆڕستانی بۆکان لە کاتی بەفر بارینی ئەمڕۆ پێنجشەممە و دەرکەوتنی ئەو گڵکۆیانەی بە تارای سور داپۆشراون مایەی سەرنجە بە تایبەت کە سەرما و بەفریش نەبێتە رێگر بۆ ئەوەی باوکێک لە سەر گڵکۆکەی رۆڵەکەی بە سرودی شەهیدان یادی بکاتەوە.

لە ناڕەزایەتییەکانی شاری بۆ 18 گەنج و لاو خوێنیان رژا و گیانیان بەخت کرد، ئێستا گڵگۆی ئەو گەنج و لاوانەی کە بە تارای سور داپۆشراون چێرۆکی شۆڕش و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەنەخشێنن.

 

لە 110 رۆژدا16 دەستگیرکراو لە ئێران بە ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە

تا ئێستا 13 دەستگیرکراوی رۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست داوە و دەستەیەکی چاودێریی دۆخی دەستگیراوانیش ئاشکرای دەکات 16 دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکانی ئێران کوژراون.

دەستەی بەدواداچون بۆ بارودۆخی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران بڵاوی کردەوە؛ لە 110 رۆژی خۆپیشاندانەکان بەهۆی لێدان و بەزۆر وەرگرتنی دانپێدانانی دەستگیرکراوان لە بەندیخانە و زیندانەکاندا، 16 کەس کوژران.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار