یەکێتیی ئەوروپا ئیدانەی لەسێدارەدانی دوو خۆپیشاندەرەکەی ئەمڕۆی ئێرانی کرد
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
یەکێتیی ئەوروپا ئیدانەی لەسێدارەدانی دوو خۆپیشاندەر لە ئێران دەکات، داواش دەکات پشتیووانییەکان بۆ خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە زیاتر بکرێن.
نەبیلە میسرالی وتەبێژی جۆزێپ بۆریل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتیی ئەوروپا بەھۆی لەسێدارەدانی "محەمەد مەھدی کەرەمی و سەیدمحەمەد حسێنی" دووچاری شۆک بووە، دوای ئەوەی بەھۆی خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی ئێران دەستگیرکران و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکرا.
ھاوکات رۆبێرتا میتسۆلا سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند، پێویستە یارمەتییەکان بۆ ئەو ژن و پیاوانەی، لەپێناو ژیان و ئازادی رژاونەتە سەر شەقامەکانی ئێران زیاتر بکرێت.
ئەمەشدوای ئەوەبوو، دادگای باڵای ئێران ئاشکرای کرد بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو گەنجی بە ناوەکانی مەهدی کەرەمی و محەمەد حسێنی لەسێدارە دراون.
پێشتر ئەو دو گەنجە تۆمەتبار کرابون بە کوشتنی ئەندامێکی بەسیجی سەر بە سوپای پاسدارن لە رێوڕەسمی چلەی مەرگی حەدیس نەجەفی ئەو کچەی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری کەرەج بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا.
جێگەیباسە ، تا ئێستا لە ماوەی 112 رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا چوار گەنج بە بیانیوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان و بە تۆمەتی جیاواز لەسێدراە دران و زیاتر لە 100 دەستگیراوی دیکەی ئەو ناڕەزایەتییانەش مەترسیی سێدارەدانیان لەسەرە کە 15 کەسیان کوردن.
