ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 113 رۆژە بەردەوامە

لەسێدارەدانی گەنجان لە ئێران کاردانەوەی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 113 رۆژە بەردەوامە و لەسێدراەدانی دوو گەنجی دیکە کاردانەوەی ناوخۆیی لێکەوتەوە و ئەمریکا و بەریتانیا و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا ئیدانەی لەسێدارەدانی خۆپیشاندەارنیان کرد و ئاشکرابو یەکێتی ئەوروپا قۆناغی چوارەمی سزاکانی دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادە کردوە.

لەگەڵ لەسێدراەدانی محەمەد مەهدی کەرەمی و سەیدمحەمەد حسێنی لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە ، زۆبەی بەرپرسانی ئەوروپا و ئەمریکا و بەریتانیا ناڕەزایەتییان دەربڕی و لە خۆپیشاندانەکانی چەند وڵاتێکی ئەوروپاش داوا کرا یەکێتی ئەوروپا کۆتایی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بهێنێت.

لەگەڵ بلاوکردنەوە هەواڵی لەسێدارەدانی، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە نزیک ماڵی محەمەدمەهدی کەرەمی بڵاوەیان پێکرا و سێ کەس دەستگیر کران.

لە کەرج و تاران و بیجار و چەند شارێکی دیکە بە بەرزکردنەوە لافیتە و دروشم نوسین ئیدانەی سزای سێدارەکرا و هاوکات بە پێی ژمارەیەک بەیاننامە لە لایەن چالاکانی مەدەنی و سیاسی بڕیارە سبەینێ مانگرتنی سەرتاسەریی دژی سزای سێدراە بەڕێوبچێت.

هاوشێوەی رۆژانی رابردو لە شارەکانی مەریوان و سنە و جوانڕۆ و ئیلام دەستگیرکردنی گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامبو و رێکخراوکانی ماڤی مرۆڤیش ئاماژەیان بەوە کردوە زیاتر لە حەوت گەنج و لاو لەو شارانە دەستگیر کراون.

رۆبەرت مەڵی، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران ئیدانەی لەسێدارەدانی ئەو دوگەنجەی کرد و وتی بەو هەواڵە توشی شۆک بوە و جەختی لەوەش کردەوە کە بە فشارە نێودەوڵەتییەکان دەسەڵاتی ئێران ناچار بە وەڵامدانەوە دەکەن بەهۆی لەسێدارەدانی گەنجانی ناڕازیی.

جۆزێپ بۆڕێل، وەزیری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد کۆتایی بە سێدارە و سەرکوتی خۆپیشاندەران و خەڵک بهێنن.

بۆڕێل وتی: لەسێدارەدانی دو گەنجی دیکە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئاماژەیەکی دیکەوە بۆ توندوتیژیی دەسەڵات بەرامبەر خەڵکی ئەو وڵاتە.

ئانالێنا بەیربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هەر سەبارەت بە لەسێدارەدانی ئەو دوو گەنجە، رایگەیاند؛ هەنگاوەکانی ئێران بۆ لەسێدراەدانی گەنجانی ناڕایی نامرۆڤانەن

هانا نیومەن، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا و جێگری سەرۆکی دەستەی مافەکانی مرۆڤ لە کاردانەوەی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دو گەنجی دیکە لە ئێران رایگەیاند؛ دەبێت ئەوروپا وەک تیرۆریست مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بکات و ئاماژەیەکی رون و ئاشکرا لە لایەن ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاواوە ئاڕاستەی تاران بکرێت.

پۆلیسی ئێران رایگەیاند؛ 13 کەسی لە تاران دەستگیر کردوە کە پێشەنگ و هۆکاری سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان لەو شارە بون

وەپکە هۆکسترا،وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا رایگەیاند؛ بەهۆی لەسێدرارەدانی دو گەنجی دیکەی ناڕەزایەتییەکان، باڵیۆزی ئێران لە رۆتێردام بانگهێشت دەکرێت و بڕیارە چوارەم قۆناغی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا دژی دەسەڵاتی تاران رابگەیەنرێت.

رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، وەک کاردانەوە بە لەسێدراەدانی کەرەمی و حسێنی رایگەیاند؛ داوادەکەم ئەوروپا سزای توندتر دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بسەپێنێت.

لە شاری بۆن لە ئەڵمانیا گردبونەوەی جەماوەریی دژی سێدارە و دەسەڵاتی ئێران بەڕێوچو و داوایان لە ئەڵمانیا و سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا کرد پەیوەندییەکانیان لەگەل تاران راگرن.

تا ئێستا چوار گەنج بە ناوەکانی مەجیدڕەزا رەهنەورد تەمەن 23 ساڵ و موحسین شکاری تەمەن 23 ساڵ و محەمەد مەهدی کەرەمی تەمەن 22 ساڵ و محەمەد حسێنی تەمەن 39 ساڵ لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە بە بیانوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان لەسێدارە دراون.

سەرەڕای بەڵێنەکانی حکومەت بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار ئەمڕۆ شەممە هەر دۆلارێک هەزار و 100 تمەن بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و بەهای هەر دۆلارێک لە ئێران گەشیتە زیاتر لە 41 هەزار و 300 تمەن.

لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە دۆڵار بەرزبونەوەی بەرچاوی بەرامبەر بە تمەن تۆمار کردوە و سەرەڕای هەنگاوەکانی حکومەتی ئێران وگۆڕینی پارێزگای بانکی ناوەندیی وڵاتە، دابەزینی بەهای تمەن لە ئاستی جیهاندا بەردەوامە.

بە بڕیارێکی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەحەمدڕەزا رادان وەک  فەرماندەی گشتیی نوێ هێزەکانی پۆلیسی وڵاتەکە دەستنیشان کراوە.

گۆڕینی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پۆلیسی ئێران لە کاتێکدایە دوای کاردانەوە ناڕەزایەتییەکانی مەرگی ژینا ئەمینی سەرجەم فەرماندەکانی هێزی پۆلیس لە تاران و کرماشان و سنە و چەند شارێکی دیکە بەهۆی توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندان لە لایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە خرانە لیستی سزاکانەوە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار