ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 114 رۆژە بەردەوامە
لە شارە گەورەکانی ئێران خۆپیشاندانەکان دەستی پێکردەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
ئەمڕۆ 114 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران بەردەوامە و دژی سێدارە و سەرکوت، دوکان و بازاڕەکانی زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەکرانەوە و چالاکی و شێوازی جیاواز لەگەڵ یادکردنەوەی سێیەم ساڵی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئۆکرانیا لە لایەن سوپای پاسدارانەوە، ناڕەزایەتیی دژی سوپای پاسداران و سزای سێدارە لە وڵاتەکە بەڕێوچو و هێزە ئەمنییەکانیس لە سنە و تاران و ئەسفەهان پەلاماری خۆپیشاندەرانیان دا.
لە شاری سەقز بە رێوڕەسمێکی جەماوەریی یادی سێ ساڵەی گیانلەدەستدانی دو قوربانیی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئۆکرانیا کرایەوە کە بەهۆی موشەکەکانی سوپای پاسداران لە ئاسمانی تاران تێکشکێنرا و سەرجەم 176 سەرنشین و تیمی فڕۆکەوانییەکەی گیانیان لەدەستدا کە ژمارەیەکیان کورد بون.
هاوکات لەگەڵ سەقز لە شارەکانی سنە و بۆکان و ئیلام و کرماشان و مەهاباد و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵات دوکان و بازاڕەکان نەکرانەوە.
بە گشتی تا ئێستا لە ماوەی 114 رۆژی ناڕەزیەتییەکاندا زیاتر لە 20 رۆژ، مانگرتنی سەرتاسەریی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دژی دەسەڵاتی ئێران بەڕێوەچوە و دوکان و بازاڕەکان نەکراونەتەوە.
گەنجانی سنە و مەهاباد شەوی یەکشەممە لە چەند شەقامێکی شارەکانیان بە کردنەوەی ئاگر ناڕەزایەتییان دەربڕی و لە ئەسفەهان و قەزوێن و تاران رێپێوان و خۆپیشاندان بەڕێوچو.
ڤیدیۆی ناڕەزایەتییەکانی ئەمشەوی (سنە، مەهاباد، قەزوێن، تاران)
هاوکات لەگەڵ لە شاری ئەنزەلی لە باکوری ئێران و قەزوێن لە زانکۆ و شوێنە سەرەکییەکانی تاران و ئەسفەهان خۆپیشاندان بەڕێوچو و دروشم دژی دەسەڵات وترایەوە.
لە بەلجیکا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و سویسڕا یادی سێیەمین ساڵی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئۆکرانیا کرایەوە و لە خۆپیشاندانەکاندا دروشم دژی دەسەڵاتی ئێران وترایەوە کە بە بیانوی تۆڵەسەندنەوەی قاسم سولەیمانی بە موشک ئەو فڕۆکەیەی تێکشکاندا.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردەوە زیاتر لە پێنج رۆژە شاری جوانڕۆ بە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی سەربازیی و هێزی ئەمنی تەنراوە و کەشی سەبازیی بەسەر ئەو شارەدا سەپێنراوە.
ئەو رێکخراوەیە ئاماژەی بەوەش کردوە ئەمڕۆ دادگایەکی ئێران لە شاری تاران سزای دو ساڵ زیندانیی بەسەر مەهسا فەرهادی خەڵکی شاری سنەدا سەپاندوە.
فەرهادی کە کوردە و دانیشتوی شاری تاران بوە تۆمەتی هاندان و تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەسەردا سەپێنراوە.
دەستگیرکردنی گەنجان و لاوانی کورد لە شارەکانی جوانڕۆ و بانە و مەریوان و سنە بەردەوامە و یەکیک لە دەستگیرکراونیش چالاکوانێکی ژن بوە لە شاری بانە.
هەواڵگریی ئێران بڵاوی کردەوە 16 کەسیان لە پارێزگای خوراسان دەستگیر کردوە کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رۆڵیان هەبوە لە هاندانی خەڵک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی و توندوتیژیی.
بە پێی بەیاننامەیەک کە دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئێتڵاعات) بڵاوی کردوەتەوە ئەو 16 کەسە لە رێگەی ئەندامانی نهێنیی و شارەزای تەکنەلۆژیا چاودێریی کراون و دەرکەوتوە رۆڵیان هەبوە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و بانگەشە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە وڵاتەکەدا و دواتر دەستگیر کراون.
ڤیدیۆ؛ دایکێکی کورد دوای چوار ساڵ گۆڕی کوڕەکەی بۆ ئاشکرا دەبێت
دایکی حامید سەیف پەناهی، کە لە پێکدادانێکدا لەگەڵ چەکدارانی دەسەڵاتی ئێران گیانی لەدەستدا، دوای چوار ساڵ گۆڕی کوڕەکەی بۆ ئاشکرا دەبێت.
سەیف پەناهی، پێشمەرگەی یەکێک لە پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بو کە لەگەڵ سێ هاوڕێی دیکەیدا لە مەریوان دەکەونە بۆسەی هێزە چەکداراەکانی ئێران و تەنها یەک کەسیان بە برینداری دەکەوێتە دەست ئەو هێزانە و سێ کەسیان گیانیان لەدەست دەدەن .
رامین حسێن پەناهی لەو شەڕ و پێکدادانەدا بە برینداری دەستگیر دەکرێت کە ئەویش دواتر لەسێدارە درا.
ڤیدیۆ؛ چیرۆکی لەسێدارەدانی بێکەسێک
بەرەبەیانی رۆژی شەممە سەیدمحەمەد حسێنی و مەحەمەد مەهدی کەرەمی لەسێدارەدارن و هەر ئەو رۆژە تەرمی هەردوکیان بەخاک سپێردران بەڵام محەمەد کەس نەبو لەسەر گڵکۆکەی ئامادەبێت و شینی بۆ بگێڕێ ، یان بە داگیرسانی مۆمێک یادی بکاتەوە چونکە ئەو گەنجە لەسێدارە داروە دایک و باوکی لە ژیاندا نەماون و تەنها برایەکی هەبوە کە ئەویش بێسەروشوێنە.
ئازاری چیرۆکی بێکەسیی محەمەد وای لە دایک و باوکی جەرگ سوتاوی مەهدی کەرەمی کرد کە بچنە سەر گڵکۆکەی ئەو گەنجە و هاوشێوەی رۆڵەی خۆیان(مەهدی) شینی ئەویش بکەن و بە داگیرساندنی مۆمیش یادی بکەنەوە.
