راپرسیەک لەنێو کوردانی باکوری کوردستاندا: هەدەپە ٧٠.٧٪ دەنگەکان بەدەست دەهێنێت
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەگوێرەی راپرسیەک کە ١٤ پارێزگای باکوری کوردستان و تورکیا کراوە، پارتی دیموکراتی گەلان دەتوانێت ٧٠.٧٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپەش دەڵێت، دەتوانن کاندیدی سەربەخۆیان هەبێت و پێیان وایە دەنگێکی زۆر بەدەست دەهێنن، سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەش پشتگیری خۆی بۆ قسەکانی پەروین بوڵدان لەبارەی کاندیدی سەربەخۆ دەربڕێ.
کۆمپانیای سپیکتروم هاوسی تایبەت بە لێکۆلینەوەکان، راپرسیەکی لە پارێزگاکانی ئاگری، بەدلیس، ئامەد، قەرس، ئیغدر، مێردین، کوش، شرنەخ، ئورفا، وانی باکوری کوردستان و ئەو هەرێمانەی کە زۆرترین دانیشتوانی کوردن لە ئەستەنبوڵ، مێرسین، کۆنیا و بورسای تورکیا ئەنجامدا. هەزار و ٩٣٤ کەس بەشداریان لە راپرسیەکەدا کردووە.
لە راپرسیەکەدا پرسیار لە بەشداربووان کراوە کە دەنگ بە کام هاوپەیمانی دەدەیت؟ و ئەندامی راپرسیەکە بەم شێوەیە بووە؛
هاوپەیمانی رەنج و ئازادی (هەدەپە و شەش پارتی چەپ) ٧٠.٧٪
هاوپەیمانی کۆمار (ئاکەپە و مەهەپە) ٩.٤٪
هاوپەیمانی گەل ( جەهەپە، پارتی باش، سەعادەت، دیموکرات، دەڤا و دوارۆژ) ٩.٢٪
پارتەکانی دەرەوەی هاوپەیمانێتیەکان ١.٢٪
بایکۆت ٤.٢٪
بێبڕیار ٥.٢٪
نامەوێت وڵام بدەمەوە ٠.١٪
لەلایەکی دیکەوە پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە لە کۆنگرەی ریکخستنی پارتەکەیدا لە پارێزگای ئیغدری باکوری کوردستان قسەی کرد و وتی، " چاوی هەموو کەسێک لە هەدەپەیە کە پشتگیری لە هاوپەیمانی گەل دەکات یان نا؟ ستراتیژی هەدەپە وەک هەڵبژاردنی شارەوانیەکان دەبێت یان نا؟ دوێنێ لە قەرس قسەم کرد. وتم هەدەپە کاندیدی خۆی دەبێت. هەموو کەسێک باسی کاندیدەکەی هەدەپە دەکات. باسە بۆچی هەدەپە کاندیدی نەبێت. هەدەپە جیاوازی چییە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە. هەدەپە لەم وڵاتە ئیرادەیەکە. هەدەپە پارتێکی سیاسیە. ئیرادەی گۆڕانکاریشی لەم وڵاتەدا هەیە و دەتوانێت کاندیدی خۆشی هەبێت."
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەش لە نوسینێگدا پشتگیری خۆی بۆ قسەکانی پەروین بوڵدان دەربڕی و وتی، " ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بیر لە سەردانی هەدەپە و گفتوگۆی کراوە و دانوستان لەگەڵ هەدەپە نەکاتەوە، هەدەپە دەتوانێت کاندیدێکی هاوبەشی بۆ هاوپەیمانێتیەکەی هەبێت.
