بافڵ تاڵەبانی: کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو و یەکگرتوو ئەنجام دەدەین

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
یەکێتی نیشتمانی ناوەڕۆکی کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حیزبەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند گفتوگۆ لەسەر ئامادەکارییەکان کراوە بۆ بەستنی کۆنگرە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکیتیش، رایگەیاندووە، "کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو و یەکگرتوو ئەنجام دەدەین" و کۆنگرە والیدەکەین کە دوو ساڵ جارێک ببەسترێ وەک حیزبەکانی رۆژئاوا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی ئابی 2023، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی حیزبەکە، لە مەکتەب سیاسی یەکێتی لە هەولیر کۆبویەوە و تێیدا باس لە ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکە کرا کە بڕیارە لە 27ی مانگی داهاتوو ببەسترێت.
بەپێی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە، بافڵ تاڵەبانی لە کۆبونەوەکەدا سەبارەت بە ئەنجامدانی کۆنگرە رایگەیاندووە، "کۆنگرە بۆ جۆشدانەوەی زیاتری خەباتە لە پێناو سەرخستنی بەرنامەی خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و باشکردنی ژیان و گوزەرانیانە، کە ئەوەش بنچینە و بەرنامەی ستراتیژی نەگۆڕی یەکێتییە."
سەرۆکی یەکێتی لەمیانی قسەکانیشیدا باسی لەوە کرد کە بەنیازن کۆنگرە بکەنە دوو ساڵ جارێک و وتی، "بەپشتیوانی خوا کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو و یەکگرتوو ئەنجام دەدەین، پێکەوە دەچینە کۆنگرە و پێکەوە بەسەرکەوتوویی دێینە دەرەوە، بەدڵنیاییەوە نەریتی بەستنی کۆنگرە بەشێوەیەک ئاسایی دەکەینەوە کە وەک حزبەکانی رۆژئاوا دووساڵ جارێک کۆنگرە ببەستین."
بافڵ تاڵەبانی پێشنیاریشی کردووە لە کۆنگرە ئەنجومەنێکی کارا لە "هەڤاڵانی تێکۆشەر" دروست بکرێت کە "سەنگ و دەسەڵاتی هەبێت و یارمەتی ئێمە بدات لە سەرخستنی کارەکانمان."

