لە گەرمک درۆنی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج و سێ کەس کوژران

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە سنوری ناحیەی گەرمک لە قەزای پێنجوێن فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج و تییدا سێ کەس کوژران، کە هێشتا دیار نییە چەکداران یان مەدەنین بەڵام دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاندووە "چەکداری پەکەکە" بە ئامانج گیراون، تا ئێستاش پەکەکە هەواڵەکەی پشتراستنەکردووەتەوە.
هێرشەکە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ رویداوە و تێیدا ئۆتۆمبێلێک کراوەتە ئامانج و دیار نییە کە ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە مەدەنین یان چەکدارن.
لەسەر هێرشەکە دژەتیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمیر 1:30 خولەک فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلیکی "چەکدارانی پەکەکەی کردووەتە ئامانج لە نزیک گوندی زەنگیدەر لە ناحیەی گەرمکی سەر بە قەزای پێنجوێن و بەهۆیەوە سێ چەکداری پەکەکە کوژران."
دژەتیرۆری کوردستان رەخنەی ئەوەی لیدەگیرێت کە زۆرجار دەکەوێتە هەڵەوە و دوای هەر هێرشێکی تورکیا رایدەگەیەنێت کە "چەکدارانی پەکەکە" بە ئامانج گیراون، بەڵام لە چەندین هێرشدا خەڵکی مەدەنی بە ئامانج گیراون و دواین هێرش لە قەزای دوکان و پێنجوێن بوو کاتێک دوو ئۆتۆمبێلی مەدەنی کرانە ئامانج و تێیدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا.
تا ئێستا پەکەکە لەسەر هێرشەکەی ئەمڕۆ راگەیاندراوی بڵاونەکردووەتەوە و هێرشەکەی پشتڕاستنەکردووەتەوە.

