قائیمقامیەتی هەڵەبجە: بەرێوبەری پاسپۆرت هەوڵیداوە پشێوی دروست بکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

قائیمقامیەتی هەڵەبجە لەسەر دروستبونی پشێوی نیوان نوخشە ناسیح، قائیمقامی هەڵەبجە و سالار سەردار، بەرێوبەری پاسپۆرتی هەڵەبجە رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ قایمقامی هەڵەبجە سەردانی بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجەی کردووە و لەلایەن سالار سەردارەوە "دوور لە هەموو دیسپلینێکی سەربازی و ئیداری" وەڵامی دراوەتەوە، دەشڵێت بەرێوبەری پاسپۆرت ویستوویەتی "پشێوی دروست بکات." 

لە رونکردنەوەکەدا هاتووە کە نوخشە ناسیح بەمەبستی بەدواداچوون بۆ سکاڵای هاوڵاتیان لەسەر کاروبارەکانی بەرێوبەرایەتییەکە سەردانی پاسپۆرتی هەڵەبجەی کردووە و داوای لە بەرێوبەری پاسپۆرت کردووە کە گوێ لە داواکاری هاوڵاتیان بگرن و لە کەموکرتییەکان بکۆڵنەوە بەڵام سالار سەردار "هەوڵیداوە پشێوی دروست بکات."

قائیمقامیەتی هەڵەبجە داواش دەکات لێپرسینەوە لە سالار سەردار بکرێت بەهۆی ئەوەی "کەمتەرخەم" بووە بەرامبەر هاوڵاتیان و ئەرکەکەی.

دەقی روونکردنەوەی قائیمقامییەتی قەزای ناوەندی هەڵەبجەوە لەسەر بابەتەکە: 

روونکردنەوەیەک لە قائیمقامییەتی قەزای ناوەندی هەڵەبجەوە بۆ رای گشتی:

لە ماوەی رابردوودا سکاڵایەکی زۆری هاووڵاتیان لەڕێگەی نامەو تەلەفوونەوە بۆ قائیمقامییەتمان هاتووە، سەبارەت بە ئیشوکارەکانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجە، ئەمڕۆ خاتوو نوخشە ناسح قائیمقامی هەڵەبجە بەمەستی بەدواداچوون بۆ سکاڵای هاووڵاتیان و چۆنییەتی رایکردنی مامەڵەکانیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجەی کرد، هاوکات بەڕێز قائیمقامی هەڵەبجە داوای لە بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەڵەبجە کردووە کە بەیەکەوە بچن گوێ لە سکاڵای ئەو هاووڵاتیانە بگرن کە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەکەی دەکەن تا لەنزیکەوە لە کەموکووڕییەکان بکۆڵنەوە، بەڵام بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەڵەبجە دوور لە هەموو دیسپلینێکی سەربازی و ئیداری وەڵامی بەڕێز قائیمقامی هەڵەبجەی داوەتەوەو هەوڵیداوە پشێوی دروست بکات، هاوکات بەڕێز قائیمقامی هەڵەبجەش بەڕێز پارێزگارو سەرو خۆی لەم کارە ئاگادار دەکاتەوە، داواش دەکات لێپرسینەوە لەو بەڕێوەبەرە بکرێت کە کەمتەرخەم بووە بەرانبەر هاووڵاتیان و ئەرکەکەی.

قائیمقامییەتی قەزای ناوەندی هەڵەبجە

30-8-2023

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار