پێنج بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە هەولێر و دهۆک دەستگیرکران
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئاسایشی هەولێر پێنج هاوڵاتی لە سێ چالاکیدا لە هەولێر و دهۆک دەستگیرکرد کە بازرگانی ماددەی هۆشبەر بوون و دەستیشیگرت بەسەر چەندین جۆری جیاوازی ماددەی هۆشبەر.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەھۆشبەرەکانی سەربە بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت لە رۆژانی 27، 28، 29ی 2023 لە سێ چالاکی جیادا لە شاری هەولیر و دهۆک توانیویانە پێنج کەس دەستگیربکەن کە کاری بازرگانی ماددەی هۆشبەریان کردووە. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاسایشی هەولێر ئاشکرایکرد کە سەرجەمیان کوردن.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە لە چالاکییەکاندا دەستگیراوە بەسەر چەندین جۆی ماددەی هۆشبەری جیاواز لەوانە، "101 کیلۆگرام حەبی هۆشبەر لەجۆری کەپتاگۆن و بڕی 5.5 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆی کریستال و بڕی 600 گرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری هیرۆیین و 380 گرام تلیاک لەگەڵ 5 ئامێری قومارکردن."
هاوکات باس لەوەش کراوە کە تۆمەتبارەکان "پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان و کارتێکەرەعەقڵییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت."
