هەسەدە كۆنترۆڵكردنی چەند ناوچەیەکی راگەیاند

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ هەینی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەیاننامەیەكی سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی ئۆپەراسیۆنی "توندكردنەوەی ئاسایش" لە دێرەزۆر بڵاوكردەوە و كۆنترۆڵكردنی چەند شوێنێكی لە دێرەزۆر راگەیاند.
هەسەدە دەڵێت "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، هێزەكانمان گوندی دەحلە و بەشێك لە شارۆچكەی بەسیرەیان كۆنترۆڵكردو سێ چەكداریش كوژران، كە دزەیان كردە ناوچەكە، هاوكات پڕۆسەی پاككردنەوەی ناوچەكە بەردەوامە".
هێزەكانی ئۆپراسیۆنی بەهێزكردنی ئاسایش لە دێرەزۆر دووپاتی دەكەنەوە كە "بەردەوام دەبن لە پاككردنەوەی ناوچەكە لە گروپە بەكرێگیراوەكان و شانە تیرۆریستییەكانی داعش تاوەكو ئامانجەكانی ئۆپەراسیۆنەكە بەدی دێت، لێخۆشبوونیش بۆ ئەو كەسانە نییە كە هەوڵی تێكدانی سەقامگیری ناوچەكە دەدەن".
ئاماژەی بەوەش کردووە، "هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا لە منبج گروپێك لە چەكدارانی توركیا هێرشیان كردە سەر گوندی موحسینلی، لەوێ هێزەكانی ئەنجومەنی سەربازی منبج وەڵامی هێرشە تیرۆریستییەكەیان دایەوە و دوای پێكدادانەكان دۆخەكە كۆنترۆڵكرا، لەو ماوەیەدا ژمارەیەك چەكدار كوژران".

