هەپەگە: لە مانگی ئابدا زیاد لە ١٣٠ سەربازی تورکیا کوژراون

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، لە مانگی ئابدا زیاد لە 130 سەربازی تورکیا کوژراون و 23ی تریش برینداربوون، دەشڵێت، لە ئەنجامی هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا 10 گەریلا شەهیدبوون. 

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لەراگەیاندراوێکدا ئاماری کوژرانی سەربازانی تورکیای لە مانگی ئابدا خستەڕوو و دەڵێت، لە ئەنجامی 232 چالاکی گەریلا ، 134 سەربازی تورکیا کوژراون و  23 سەربازی تریش  بریندار بوون، هەروەها "چەندین کەلوپەلیان تیکشکێندراوە و دەستی بەسەردا گیراوە و گورزی قورسیان لێوەشێندراوە."

هاوکات لە راگەیەندراوەکەذا ئەوەش هاتووە کە تورکیا لە مانگی رابردوو "لە هەرێمی پاراستنی مەدیا 113 جار بە فڕۆکەی جەنگی، 40 جار بە هێلیکۆپتەری هێرش، بە سەدان جار بە زریپۆش، تانک و چەکی قورس تۆپباران کردووە، جارێکیش بە بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی و دوو جاریش بە چەکی قەدەغەکراو هێرشیان کردۆتە سەر سەنگەرەکانمان، هەروەها جێگا و ناوچەکانی گەلەکەمانیان لە باشووری کوردستان چەندین جار تۆپباران کردووە و هاوڵاتییان شەهید بوون."

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوە هاتووە کە لە ئەنجامی هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە مانگی رابردوو 10 گەریلا شەهید بوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار