یەکێتی: گرژی کەرکوک بەهۆی شەڕکردنە لەسەر بارەگای حزبی

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەکتەبی سیاسی یەکێتی راگەیەندراوێکی لەبارەی گرژی و خۆپیشاندانەکانی کەرکوک ىلاوکردەوە و دەڵێت، بەهۆی شەڕکردن لەسەر بارەگای حزبی روداوەکە رویداوە، داواش دەکات سەرۆک وەزیرانی عێراق راستەوخۆ دەستوەردان بکات "لەگەڵ حکومەتی محەلی شارەکە و هێزەکانی سوپاو حەشد ئەم کێشەیە بنبڕ بکەن."
دەقی راگەیاندراوەکەی مەکتەب سیاسی یەکێتی:
بەداخەوە بارودۆخی دژواری کەرکوک بەهۆی شەرکردن لەسەر بارەگای حزبی و ململانێی هێزە سیاسییەکانی ناو کەرکوک درێژەی کێشاوە گەیشتە پێکدادان و بەریەک کەوتن و شەهید و برینداریش کە ئەمانە قوربانی بێباکی سیاسی و نیشتمانییە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سێ رۆژە لەسەر هێڵە لەگەڵ حکومەتی عیراق کە پێویستە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و حکومەتیی خۆی جێبەجێ بکات، تا ئاڵۆزییەکە سەر نەکێشێت بۆ بەریەک کەوتن و رژانی خوێنی هاووڵاتیانی کورد و پێکهاتەکان، بە پێچەوانەوە دەکرا بە لێکگەیشتن لەگەڵ پارت و حزبەکانی کەرکوک گرفتی بارەگا تەشەنە نەستێنێ کە ببێتە کێشەیەکی گەوەرە لە شارەکەدا، ئێستاش کاتی ئەوەیە سەرۆک وەزیران کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراقیشە، راستەوخۆ بێتە ناو کێشەکە و لەگەڵ حکومەتی محەلی شارەکە و هێزەکانی سوپاو حەشد ئەم کێشەیە بنبڕ بکەن، ئەگینا وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەماوەری کەرکوک لەبەر بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی ئاشتی دانیان بە خۆیدا گرتووە. چاوەروانیشمان لە حکومەت و لایەنەکانی تری کەرکوکیش ئەوەیە بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن .
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢/٩/٢٠٢٣
