نەوەی نوێ: ئەمڕۆ یان سبەی تۆڵەی خوێنی کورد دەکرێتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئۆفیسی کەرکوکی جوڵانەوەی نوێ بەیاننامەیەکی لەبارەی خۆپیشاندانەکەنی کەرکوک بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ بێت یان سبەی تۆڵەی خوێنی کورد دەکرێتەوە، دەشڵێت، ئەم کارانە بۆ ئەوەیە هەڵبژاردن لە کەرکوک نەکرێت.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە بۆ راکێشانی سۆزی خەڵك، حیزبە شۆڤێنییە عەرەبەکان لەگەڵ دەسەڵاتی کوردی کوری کورد بە کوشت دەدەن، دڵنیایان دەکەینەوە تۆڵەی خوێنی کورد دەکرێتەوە جا ئەمڕۆ بێت یان سبەی.
دەقی راگەندراوەکەی نەوەی نوێ:
دیسانەوە حیزبە شۆڤێنییە عەرەبی و نەتەوەییەکانیتر لەگەڵ دەسەڵاتی شکستخواردوی کورد، کوڕی کورد بە کوشت دەدەن بۆ ڕاکێشانی سۆزی خەڵک و لەبیربردنەوەی فرۆشتنی ئەم شارە و خزمەتنەکردنی لەسەر دەستی ئەوان. کە دڵنیایان دەکەینەوە تۆڵەی خوێنی کورد دەکرێتەوە جا ئەمڕۆ بێت یان سبەی.
ئەمانە هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کەرکوک ئەنجام نەدرێت و پارێزگارێکی کورد دانەنرێت. چونکە باش دەزانن هەڵبژاردن بکرێت ئەوە کورد دەیباتەوە و پارێزگارێکی کوردی دەرەوەی دەسەڵاتی دوو حیزبی شکستخواردوو دادەنرێت. بۆیە بە هەموو شێوەیەک رێگری لەم کارە دەکەن.
ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارەی پارتی و یەکێتی لەگەڵ حیزبە شۆڤێنییە شەریکەکانیان پارێزگاری هەر نەتەوەیەکی تریان پێباشترە وەک لە پارێزگارێکی کورد کە لە حیزبەکەی خۆیان نەبێت. بۆیە ئامادەن کەرکوک بسوتێنن و خەڵکەکەی بە کوشت بدەن لە پێناو ئەم نیەتە گڵاوەیاندا.
سەرباری هەموو ئەوانە، هەر هێز و لایەنێک خوێنی یەک هاوڵاتی کورد بڕێژێت و ئەوانەی تەقەیان لەو گەنجە کوردە کردوە دەبێت دادگایی بکرێن و دڵنیایان دەکەینەوە کە خەڵکی کەرکوک تۆڵەی ڕۆڵەکانی خۆیان دەکەنەوە بە هەر جۆرێک بێت، جا ئەمرۆ بێت یان سبەی.
ئۆفیسی کەرکوکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ
2-9-2023
