ئاوات شێخ جەناب: عێراق مافی هەرێم پێشێل دەکات و گفتوگۆکان ئەنجامیان نەبوو
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، حکومەتی عێراق مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پێشیل دەکات و گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا ئەنجامی نەبووە، دەشڵێت، ئەو کاتەی خۆمان داهاتی نەوتمان هەبوو بەتەواوی موچەمان دەدا.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و وئابوری هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "مافە داراییەکانی هەرێم لە بودجەدا پێشێل کراوە و کێشە بۆ حکومەتی هەرێم لە یاسای بودجەدا دروست بووە و غەدرێکی گەورە لە کورد کراوە."
ئاوات شێخ جەناب دەشڵێت، دوای ئەو هەموو کۆبونەوەیە لەگەڵ بەغدا "گفتوگۆکان ئەنجامییان نەبووە و ئەوان هەرێم لە دەرەوەی عێراق حساب دەکەن."
وەزیر دارایی وتیشی، "ئێستا عێراق هاتوون مامەڵەی قەرزمان لەگەڵ دەکەن کە بەشی شایسەتە داراییەکان ناکات و بۆ مووچە پیویستمان بە 940 ملیار دینارە کە ئەوان 500 ملیار دەنێرن."
ئاوات شێخ جەناب باس لەوەش دەکات، "ئەو برە پارەیە بەشی موچە ناکات و وەک جاران داهاتی نەوتمان نەماوە، ئەو کاتەی نەوتمان دەفرۆشت نزیکەی 20 مانگ بە تەواوی موچەمان داوە."
هاوکات ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، عێراق تاکلایەنانە بڕیاریداوە بۆ ماوەی سێ مانگ، مانگانە 500 ملیار دینار بنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان بەشێوەی قەرز.
تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم موچەی مانگی تەمووز و ئابیان وەرنەگرتووە لەکاتێکدا لە عیڕاق موچەی مانگی ئابیش دراوە.
