ئومێد سەباح: وەزارەتی دارایی عێراق هەشت ترلیۆن دیناری بۆ هەرێم لە بودجەدا داناوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، یاسای بودجەی عێراق بە "رق و بۆ تۆڵە لە هەرێمی کوردستان نوسراوەتەوە"، دەشڵێت لە یاسای بودجەی عێراقدا 16 ترلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق ئەو بڕەی کەمکردووەتەوە بۆ هەشت ترلیۆن دینار.
ئومید سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوو هۆکاری سەرەکی هەیە کە بووەتە هۆی دروستبونی ئەم دۆخە کە یەکەمیان یاسای بودجەیە و لێدانێکی گەورەیە لە حکومەتی هەرێم و "وەک رقێک و بۆ تۆڵە کردنەوە لە لەهەرێمی کوردستان" نوسراوەتەوە و پڕە لە گیروگرفت.
ئومید سەباح باسی لە هۆکاری دووەم کرد و دەڵێت، "سەرەڕای خراپی یاساکە بەڵام تێگەشتنی خراپی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ جێبەجێکردنی یاساکە خراپترە."
ئومید سەباح دەشڵێت، "بەلگەم بۆ ئەم قسەیەم ئەوەیە کە وەزارەتی دارایی عیراق تێگەشتنی بۆ یاسای بودجە ئەوەیە کە هەشت ترلیۆن دینار مافی ئێمەیە لەکاتێکدا لە یاسای بودجە جێگیرکراوە کە دەبێت 16 ترلیۆن دینار بێت، ئەمەش لێکدبدەیتەوە لەگەڵ پێوسیتییەکانی ئێمە یەکناگرێتەوە."
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بەرپرسانی حکومەتی هەرێم ئاشکرایانکرد کە عێراق تاکلایەنانە بریاریداوە بۆ ناردنی 500 ملیار دیناری مانگانە بەشێوەی قەرز بۆ ماوەی سێ مانگ، ئەمەش بەشی موچەی موچەخۆرانی هەرێم ناکات کە پێوستی بە 940 ملیار دیناری مانگانەیە.
لەکۆتایی قسەکانیدا ئومێد سەباح ئاماژەی بەوەدا کە دوو هەنگاو دەگرنە بەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، کە ئەویش کۆبونەوەیە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتانە و" دووەمیش ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا و ئامادەیی تێدا دەبێت و ئەوەی لە توانای حکومەتی هەرێم بێت بۆ دابنیکردنی موچە درێغی ناکەین."
