مەزڵوم كۆبانێ لەبارەی رەوشی دێرەزۆرەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات مەزڵوم كۆبانێ لەبارەی رەوشی دێرەزۆرەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: بارودۆخی دێرەزۆر بەرەو گەڕاندنەوەی ئاسایش و چەسپاندنی سەقامگیری دەچێت.
مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە پەیامێكدا وتی، "بە هاوكاری و پاڵپشتی گەلەكەمان لە دێرەزۆر، هێزەكانمان لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەهێزكردنی ئاسایش، ئۆپەراسیۆنی بەرقەراركردنی ئاشتی و دابینكردنی ئاسایش بۆ هاووڵاتیان بەردەوام دەبن".
وتیشی، "هەرچەندە دۆخەكە بەرەو ئەمن و ئارامی دەڕوات و ئاشتی كۆمەڵایەتیش لە سایەی پێكهاتەی عەشایەری و هەسەدە دەپارێزرێت، بەڵام توركیا و هاوپەیمانەكانی هێرش دەكەنە سەر تیل تەمر و مەنبەج، بەمەبەستی تێكدانی سەقامگیریی ناوچەكە و ئیرادەی گەلەكەمان".
ئەم پەیامەش دوای ئەوە هات ،وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند سکرتێری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جەنەڕال جۆوڵ ڤاوڵ، سەرکردەی هاوپەیمانان دژی داعش، لەگەڵ فەرماندەکانی هەسەدە و سەرکردەی هۆزە عەرەبەکان کۆبوونەوەتەوە بۆ باس کردن لە "ناکۆکییەکان و هێورکردنەوەی دۆخەکە بەزوترین کات."
ماوەی هەفتەیەکە هۆزە عەرەبەکان دژی هەسەدە دەجوڵێنەوە لە پارێزگای دێرەزوور و چەند ناوچەیەکیان داگیرکرد، بەڵام هەسەدە توانی لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەند ناوچەیەک بگرێتەوە.
ناکۆکییەکان لەوەوە سەریهەڵدا کە هەسەدە هەفتەی رابردوو فەرماندەیەکی هۆزە عەرەبەکانی دەستگیرکرد بەناوی ئەبوخەولە، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی هۆزە عەرەبەکان و شەڕ لەنێوان هەردوولا دروستبوو کە تا ئێستا 150 کەس کوژراون.
