بەرێوبەرایەتی خۆسەر بە تێچووی 8 ملیۆن دۆلار 399 پڕۆژە لە هەرێمی جەزیرە جێبەجێدەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوبەرایەتی خۆسەری ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند بە بە تێچووی 8 ملیۆن دۆلار 399 پڕۆژە لە هەرێمی جەزیرە جێبەجێدەکات.
سلێمان عەرەب، هاوسەرۆکی دەستەی کارگێری لە بەرێوبەرایەتی خۆسەری ڕایگەیاند، “بەپێی ئەو بودجەیەی بۆمان دانراوە بۆ ساڵی 2023 بۆ پرۆژەکان کە 8 ملیۆن دۆلار تەرخانکراوە ژمارەیەک پرۆژە "لە چوارچێوەی پەرەپێدانی ژێرخان و پێشکەشکردنی هەموو خزمەتگوزارییە پێویستەکان بۆ دانیشتوان" جێبەجێدەکرێت.
وتیشی ،" لەو ژمارەیە 3 ملیۆن دۆلار تەرخانکراون بۆ پرۆژەی راکێشانی ئاو لە عامودە بۆ حەسەکە و 5 ملیۆن دۆلار بۆ بودجەی 399 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە هەرێمی جەزیرە."
سەبارەت بەو کارانەی کە تاوەکو ئێستا ئەنجامدراون ،ئەو بەرپرسەی دەستەی بەرێوبەرایەتی خۆسەری گوتی: “شارەوانیەکان بەپێی ئەو بودجەیەی بۆیان تەرخانکراوە پرۆژەکانیان جێبەجێکردووە، هەروەها پرۆژە سەرەکییەکانیش قیرکردنی رێگاکان بوون، بەو پێیەی ژمارەیان گەیشتووەتە 69 پرۆژە و نزیکەی 800 هەزار دۆلار بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژانە تەرخانکراون”.
هاوکات بەمەبەستی دابینکردنی ئاو بۆ زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە حەسەکە، جگە لە گوندەکانی دەوروبەری رۆژی 3ی ئابی رابردوو، بە فەرمی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پرۆژەی راکێشانی ئاوی خواردنەوە لە گوندی سەنجاک سەعدون و گوندی کەندوور لە باشووری عامودە بۆ حەسەکە دەستیپێکرد.
هاوسەرۆکی دەستەی کارگێری بەرێوبەرایەتی خۆسەر ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆژەی راکێشانی ئاو لە عامودا وە بۆ حەسەکە یەکێکە لە گەورەترین پرۆژەکان،ووتیشی میکانیزمی کارکردن “نایابانە” و ئاستی هەڵکەندن بۆ ئاو زۆر باشە.
