ڕێکخراوی سی پی تی ئامارێکی نوێی هێرشەکانی تورکیای بڵاوکردەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئامارێکی نوێی هێرشەکانی تورکیای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای تورکیا ٢٥ شوێنی لە هەرێمی کوردستان بە ئامانجگرتووە.
ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی لەبارەى ئامارەکەوە ڕایگەیاند: لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای تورکیا ٢٥ شوێنی لە هەرێمی کوردستان بە ئامانجگرتووە، کە بە سەدان کیلۆمەتر لە سنوری نێوان عێراق – تورکیاوە دوورن..
ئاماژەى بەوەشکردوە، لە ئێوارەی ٣١ی ئابدا، سوپای تورکیا زنجیرەیەک بۆردوومانی بۆسەر گوندەکانی بۆڵێ و سڵێ و ئیسێوە لە دەڤەری پشدەر و گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەت ئەنجامدا.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوە، هەرچەندە، لەو بۆردوومانانەدا هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبووە قوربانی، بەڵام گوندنشینانی گوندی ئیسێوە، لەترسی بەئامانجگرتنیان لەناو ماڵەکانیاندا، بۆ چەند کاتژمێرێک ماڵەکانیان چۆڵ کرد و لەدەرەوە ماونەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەی سی پی تی دا باس لە هێرشەکەی گوندی گەڵاڵەش کراوەو تیایدا هاتووە، لەکاتی بۆردوومانەکانی گوندی گەڵاڵەشدا، جوتیارانی ئەو گوندە خەریکی کشتوکاڵ و جوتیاری بوون لە زەوییەکانیاندا و بەهۆی بۆردوومانەکانەوە بۆ چەند کاتژمێرێک پەیوەندییان لەگەڵ خێزانەکانیاندا پچڕا و تاوەکو درەنگانێکی شەو نەیانتوانی بگەڕێنەوە ناو خانەوادەکانیان.
هاوکات سی پی تی ڕوونیکردوەتەوە کە لە ڕۆژی ٢ی ئەیلولیشدا، تورکیا بۆردوومانی گوندی کانی میرانی کرد لە پێنجوێن، هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبووە قوربانی لەو بۆردوومانەدا.

