بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە: پێشمەرگە جوڵەی پێنەکراوە بەرەو کەرکوک

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هێزی پێشمەرگە جوڵەی پێنەکراوە و تەنها "ئیحتیاتی" خۆی وەرگرتووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێشتر بەرپرسێکی پیشمەرگە رایگەیاند کە پلانیان هەبووە هێز بجوڵێنن. 

رۆژی یەکشەممەی رابردوو، نوری حەمەعەلی بەرپرسی میحوەری پردێ لەسەر گرژییەکانی شەممەی رابردوو لە کەرکوک رایگەیاند، نیازیان هەبووە هێز بجوڵێنن بەڵام لەسەر داوای "هەندێک بەرپرسی دڵسۆز"ی عێراق دانیان بەخۆیاندا گرتووە. لە لیدوانێکی تردا نوری حەمە عەلی وتی کە لەگەڵ لیوای هاوبەشی دوو و دەی پێشمەرگە کۆبووەتەوە و ئامادەییان دەربڕیووە بۆ هەموو ئەگەرێک.

لەبارەی جوڵاندنی هێزەوە عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "پێشمەرگە جوڵەی پێنەکراوە بەرەو پردێ و کەرکوک، بەڵام ئیحتیاتی خۆیان وەرگرتووە."

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی، "هێزی پێشمەرگە خەتی تەماسی هەیە لەو ناوچانە، داعش هەیە لەو میحوەرانە، کاتێک حاڵەتێکی نا ئاسایی دروست دەبێت ئەو پێشمەرگانەی لە ناوچەکەن خۆیان دەخەنە حاڵەتی ئامادەباشیەوە بۆ حالەتی ئیحتیات، هەموو وەحداتی عەسکەری حەزەراتی خۆیان دەکەن و دەبێت تەواجوداتی خۆیان بسەلمێنن، خوا نەکات حاڵەتێکی لە ناکاو دروست ببێت یان داعش ئیستیغلالی ئەو دۆخە بکات."

هەواڵی بڵاوبونەوەی جوڵاندنی هێزی پێشمەرگە لەکاتێکدایە کە شەممەی رابردوو کوردانی کەرکوک خۆپیشاندانیان دژی داخستنی رێگای کەرکوک-هەولێر ئەنجامدا و دواتر هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەزەبری هێز بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد، لە ئەنجامدا چوار کەس شەهید بوون و زیاد لە 15 کەسیش برینداربوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار