شه‌ش حزبى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان داوای خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەکەن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

شه‌ش حزبى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان دواى ئەوەی  كۆبونه‌وه‌ بانگه‌وازێكیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، له‌ساڵیادى "شۆڕشى ژینا ئه‌مینى" له‌ته‌واوى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان مانگرتن‌و خۆپیشاندانى سه‌رتاسه‌رى ده‌ستپێده‌كات".

دوێنێ چوارشه‌ممه‌ هه‌ریه‌ك حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران)، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)‌و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان) دواى كۆبونه‌وه‌یان، بڕیاریاندا 16ى ئه‌م مانگه‌ كه‌ ساڵیادى "شۆڕشى ژینا ئه‌مینى)یه‌ خۆپیشاندان‌و مانگرتنى سه‌رتاسه‌رى له‌ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان‌و ئێران به‌ڕێوه‌بچێت.

به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوی كۆبونه‌وه‌کە  ئه‌و شه‌ش حزبه‌ ڕایانگه‌یاندوه‌، ئه‌وان له‌سه‌ر پێنج خاڵ ڕێكه‌وتون‌و گرنگترینیشیان، "پشتیوانی لەداخوازیی تێکۆشەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی‌و ڕێکخراوه سه‌ربه‌خۆکان بۆ ڕێزگرتن‌و بەشداریی چالاکانه له‌ساڵڕۆژی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی‌و ڕاگەیاندنی ڕۆژی 25ی خەرمانان واته‌ (16ى ئه‌م مانگه‌) وەک ڕۆژی مانگرتنی گشتی له‌هه‌موو کوردستان."

 

ده‌قى به‌یاننامه‌كه‌
کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان!
خەباتکارانی سیاسی و مەدەنی!

25ی خەرمانانی 1401، ژینا ئەمینی کچە کوردی لاوی سەقزی لەشاری تاران‌و لەئاکامی پەلاماری هێزە دەستوەشێن‌و سەرکوتکەرەکانی ڕژێمدا گیانی بەختکرد، ناوی (ژینا) وەک لەسەر گڵکۆکەی نوسرا، بوو بە"ڕەمز"ی ڕاپەڕینێکی جەماوەریی بەرین کە لەکوردستانەوە بەدروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستیپێکردو زۆری نەخایاند سەرتاسەری شارو ناوچەکانی ئێران‌و دەرەوەی وڵاتیشی گرتەوەو لەدرێژەی خۆیدا بە"شۆڕشی ژینا"و "شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی" ناوی دەرکرد.

شۆڕشی ژینا جەماوەریترین‌و درێژترین سەرهەڵدان‌و ناڕەزایەتییە کە توانیویەتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بخاتە ژێر پرسیارو هەنگاو بۆ لەگۆڕنانی ئەم ڕژێمە سەرکوتکەرە بنێ، لەماوەی یەکساڵی ڕابردوداو لەڕەوتی ئەم شۆڕشەدا بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران بەگشتی‌و خەڵکی کوردستان بەتایبەتی دژ بەڕژێمی زاڵ بەسەر ئێراندا، قۆناغی نوێ‌و جەماوەریی ئەزمون کردوەو هەنگاوی لێبڕاوانەی ناوە کە ڕاوەستان‌و گەڕانەوەی بۆ نییە.

دەوری بەرچاوی ژنان لەپێشەنگایەتیی ئەو شۆڕشەدا کۆمەڵگەی ئێمەی لەڕوی کۆمەڵایەتییەوە یەک هەنگاوی گەورە بەرەو پێشبردوەو ئاسۆی سەرکەوتنی ڕونتر کردوەو لاوان لەوپەڕی گیانبازیدا بۆ ژیانێکی ئازادو ئارەزومەند فیداکاریی کەموێنە دەکەن.

لەساڵوەگەڕى دەستپێکی شۆڕشی ژینادا جێی خۆیەتی بەنیشانەی بەرزڕاگرتنی یادو بیرەوەریی شەهیدانی ئەم شۆڕشە نوێیەو ڕێزلێنان لەقوربانیان‌و زیندانییان سیاسی‌و زیندوڕاگرتنی بزوتنەوەی سیاسی، بەشکۆوە بەرەوپیلی ئەم یادە مەزنە سیاسی‌و کۆمەڵایەتییەوە بچین.

لەم په‌یوەندییەدا دوای چەندجار دیدارو ڕاوێژی سیاسی، ڕۆژی چوارشەممە حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بریتی لە:
- حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
- کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران)
- پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)
- سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
- پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)
- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕێکەوتن؛
1ـ پشتیوانی لەداخوازیی تێکۆشەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی‌و ڕێکخراوه سه‌ربه‌خۆکان بۆ ڕێزگرتن‌و بەشداریی چالاکانه له‌ساڵڕۆژی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی.

2ـ ڕاگەیاندنی ڕۆژی 25ی خەرمانان، وەک ڕۆژی مانگرتنی گشتی له‌هه‌موو کوردستان، له‌م ڕۆژەدا هه‌موو دوکان‌و بازاڕو ناوەندەکانی کارو ئیدارەکان دادەخرێن؛ سەرلەبەیانیی ئەو ڕۆژه (25ی خەرمانان)، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان سەردانی گڵکۆی ژینای جوانەمەرگ‌و سەرجەم شەهیدان‌و گیانبەختکردوانی شۆڕشی" ژن، ژیان، ئازادی" له‌شارو گوندەکانی کوردستان دەکەن‌و چەپکەگوڵی ڕێزو خۆشه‌ویستی له‌سه‌ر مەزارەکانیان دادەنێن‌و ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانیان بۆ بەڕێوه‌دەبەن.

3ـ داوا لەسەرجەم خەڵکی ئازادیخوازی ئێران (ژنان، لاوان، کرێکاران، مامۆستایان‌و خانەنشینان، ژینگەپارێزان‌و نه‌ته‌وه‌بندەستەکان لەسەرتاسەری ئێران دەکەین؛ پشتیوانی لەمانگرتنی خه‌ڵکی کوردستان بکەن‌و بەمانگرتنی گشتی، به‌هەموانی نیشانبدەن که شۆڕشی" ژن، ژیان، ئازادی" تا گەیشتن به‌ئامانجەکانی هەروا درێژه‌ی هه‌یه.‌

4ـ داوا له‌هەموو تێکۆشەرانی خەباتکار، هێزو لایەنه پێشکەوتنخوازەکان له‌دەرەوەی وڵات دەکەین به‌هه‌موو شێوه‌یه‌‌ک پشتیوانی له‌مانگرتنی گشتیی 25ی خه‌رمانان بکەن‌و له‌و ڕۆژەدا خۆپیشاندان‌و ڕێپێوانی جه‌ماوه‌ری بەڕێوەبەرن‌و سەرنجی کۆمەڵانی خه‌ڵکی مرۆڤدۆستی جیهان بۆ پشتیوانی له‌شۆڕشی ژینا ڕابکێشن.

5ـ هه‌رکام له‌حزب‌و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی به‌شدار له‌م دانیشتنە، پشتیوانی‌و بەشداریی خۆیان له‌مانگرتنی ڕۆژی "25ی خه‌رمانان"و ڕێوڕەسمەکانی سەر گڵکۆی شەهیدان‌و گیانبەختکردوان ڕادەگەیەنن.
 
15ی خەرمانانی 1402هەتاوی
(6ی سێپتامبری 2023)

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار