ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: پێویستە بەغدا شایستە داراییەکان بەپێی بودجە خەرج بکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە کۆبونەوەی ئاسایی خۆیدا داوای لە حکومەتی عێراق کرد کە شایستە داراییەکانی هەرێم بەو شێوەیە بنێرێت کە لە بودجەدا بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە و دەشڵێت، پێشنیار کراوە "کۆبوونەوەیەکی فراوانی هێز ولایەنە سیاسیەکانی هەرێم  بکرێت بۆ خستنەڕووی ڕاستییەکان."

حکومەتی هەرێم رایگەیاند ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی ئەیلولی 2023 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و باس لە شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی عێراق کرا. 

لە کۆبونەوەکەدا ئەوە هاتووە کە "پێویستە حکومەتی هەرێم کۆی گشتی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە بڕی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار، کە مانگانە بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و375 ملیار دینار." 

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چەند رۆژێک لەمەوبەر بڕیاریدا کە بۆ ماوەی سێ مانگ مانگانە 500 ملیار بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێم بەم بڕە رازی نییە چونکە بەپێی راگەیاندراوەکە حکومەتی هەرێم، "لەگەڵ کەوتنەبواری جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق لە 2023/6/25  ، هەرێم پابەندییەکانی خۆی بە گوێرەی یاسای بودجە جێبەجێ کردووە."

باس لەوەش کراوە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم "داوا دەکات ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چاوخشاندنەوەی پێویست و دادپەروەرانە بە بڕیارەکەیدا بکاتەوە و شایستە داراییەکانی هەرێم بەو ژمارانەی لە خشتەکانی بودجە هاتوون بۆ هەرێم خەرج بکات،  بە تایبەتیش تەرخانکراوەکانی مووچە کە مانگانە 906 ملیار دینارە تا هەرێمی کوردستانیش بتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدات." 

لەکۆتایی راگریاندراوەکەدا ئەوە هاتووە کە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم یەکدەنگبن لەسەر داکۆکیکردن لە مافە دەستورییەکانی هەرێم بۆیە "پێشنیاری سازدانی کۆبوونەوەیەکی فراوانی هێز ولایەنە سیاسیەکانی هەرێم کرا بۆ خستنەڕووی ڕاستییەکان."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار