د.مەحمود عوسمان: هەر دەوڵەتێک سەروەری هەبێت قسەکانی ئەردۆغان قبوڵ ناکات

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
د.مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە لێدوانەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لەسەر دۆخی کەرکوک رایگەیاند، دەسوەردانێکی "ئاشکرا و زەقە" و بەهۆی بێدەنگی لایەنی کوردی و عێراقی، تورکیا "بەدڵی خۆی چی ئەوێت دەیکات."
رۆژی سێشەممە 5ی ئەیلولی 2023, رەجەب تەیب ئەردۆغان لە لێدوانێکدا شاری کەرکوکی بە "نیشتمانی تورکمانەکان" ناوبرد و وتی "ناهێڵین ئاشتی و سەقامگیری ئەم جوگرافیایە تێکبچێت."
قسەکانی سەرۆککۆماری تورکیا دوای روداوەکانی ئەم هەفتەیە دێت لە شاری کەرکوک کە تێیدا چوار کەس شەهید بوون و زیاد لە 15 کەس برینداربوون پاش ئەوەی کوردانی شارەکە خۆپیشاندانیان دژی داخستنی رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێر ئەنجامدا و هێزە ئەمنییەکان تەقەیان بەناو خۆپیشاندەراندا کرد.
د.مەحمود عوسمان لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا قسەکانی سەرۆککۆماری تورکیای بە دەستێوەردانێکی "ئاشکرا و زەق" لە کاروباری عێراق و کورد ناوزەند کرد و دەڵێت، "تورکیا هەر وا بوون و ئێستا خراپترن، هەستدەکەن ئێستا بەهێزترن لەگەڵ تورکمانەکان."
سیاسەتمەدارەکەی کورد دەشڵێت، "دەبێت لایەنی کوردی و عێراقی وەڵام بدەنەوە بەڵام کەس قسە ناکات و هەمووان بێدەنگن، بۆیە تورکیاش بە دڵی خۆی چی ئەوێت دەیکات و دەیڵێت، هەر دەوڵەتێک سەروەری هەبێت قبوڵ ناکات ئەوەی بەرامبەر بکرێت."
د.مەحمود عوسمان لەبارەی دۆخی ئاڵۆزی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانەوە باس لەوە دەکات کە بەهۆی سیاسەتی جیاوازی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار و ناکۆکیان دۆخی هەرێم بەرەو خراپتر دەڕوات و "ئەگەر وا بڕوات ئایندەی هەرێمەکە باش نابینم."

