هێزە ئەمنییەکانی ئێران خاڵی ژینا ئەمینی دەستگیر دەکەن

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هێز ئەمنییەکانی ئێران خاڵی ژینا ئەمینییان دەستگیرکرد و بەبێ فەرمانی دادگا ماڵ و ئۆتۆمبێلەکەی گەڕاون، دەستیشیان گرتووە بەسەر چەند بەڵگەنامەیەکی کەسی خاڵی ژینا ئەمینیدا.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی ئێران سەفا عەیلی، خاڵی ژینا ئەمینیان دەستگیرکردووە.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، "دوێنێ گروپێکی هێزە ئەمنییەکان چوونەتە ماڵی سەفا عەیلی و ماڵ و ئۆتۆمبێلەکەی گەڕاون بەبێ فەرمانی دادگا و دواتریش دەستگیریان کردووە، جگەلەوەی کە دەستیان گرتووە بەسەر چەند بەڵگەنامەیەکیشدا وەک پاسپۆرتەکەی."
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە تا ئێستا نازانرێت خاڵی ژینا ئەمینی بۆ کوێ براوە و "پێش هەفتەیەکیش لە دەستگیرکردنی هێزە ئەمنییەکان چاودێریان کردووە و بەدوایەوە بوون."
ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی تەنها هەفتەیەکی ماوە و لە ترسی هەڵگیرسانەوەی خۆپیشاندانەکان حکومەتی ئێران دەستیکردووە بە رەشبگیری و دەستگیرکردنی چەندین کەس لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی و چالاکوان و رۆژنامەنوسان.
دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە 16ی ئەیلولی 2023, خۆپیشاندانی فراوان لە ئێران دەستیپێکرد کە تێیدا داوای رووخانی رژێمی ئێران دەکرا و بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هێزە ئەمنییەکان بە توندترین شێوە وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە و لە ئەنجامدا 500 کەس کوژران کە 71 کەسیان خوار 18 ساڵ بوون.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە سێشەممەی رابردوودا رایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران فشارەکانیان بۆ سەر ئەندامانی خێزانی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە زیادکردووە، ئەمەش لەرێی بانگکردن و هەڕەشەکردن و هەندێکجاریش دەستگیرکردنیان.
لە بەیاننامەیەکدا تۆڕەکە باسی لەوەکرد، "بنەماڵەکان هەڕەشەیان لێکراوە تا داوای کۆبونەوە نەکەن و ساڵیادی ژیان ئەمینی نەکرێتەوە."
لە راپۆرتێکیدا لە مانگی رابردوو رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ئێران "خێزانی قوربانییەکانیان رووبەرووی ڕەشبگیری و دەستگیرکردن کردووەتەوە و سنوردارییەتی توندیان چەسپاندووە کە نابێت لەسەر گۆرەکانیان گردبوونەوە ساز بکرێت و هەندێکجاریش گۆڕی قوربانییەکانیان شێواندووە."
لە مانگی رابردووشدا ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، رووبەرووی تۆمەتی "پروپاگەندەکردن دژی سیستەمی دەسەڵات" کراوەیەوە و ئەگەر تاوانبار بکرێت ئەوا لەنێوان ساڵێک بۆ سێ ساڵ زیندانی دەکرێت.
بەرپرسانی ئێران دەڵێن لە خۆپیشاندانەکاندا ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان لەلایەن "ئاژاوەچی و رێگرەوە کە پشتیوانی دوژمنی بێگانەیان هەیە" کوژراون.

