وەزیری تەندروستی: 117 حاڵەتی کۆلێرا لە سلێمانی تۆمارکراون

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم، رایگەیاند تا ئێستا 117 حاڵەتی پشتراستکراوەی کۆلێرا لە شاری سلێمانی تۆمارکراون و هیچ گینالەدەستدانێک تۆمارنەکراوە.
ئەمڕۆ 7ی ئەیلولی 2023، سامان بەرنجی سەردانی شاری سلێمانی کرد بەمەبستی بەدواداجوون بۆ حاڵەتەکانی کۆلێرا و رایگەیاند, 117 حالەتی نەخۆشییەکە لە شاری سلێمانی تۆمارکراون و هیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستدان بوونی نییە.
وەزیری تەندروستی وتیشی، مەرج نییە تەنها ئەو حاڵەتانە هەبن بەڵکو حاڵەتەکان زیاترن بەوپێیەی "هەندێک نیشانە دیار نییە و حاڵەتی سکچون و رشانەوە زۆرن."
سامان بەرزنجی ئەوەشی خستەڕوو کە هۆکاری ئەم حاڵەتانە ئەوەیە کە "%20 دانیشتوانی سلێمانی سەرچاوەی ئاوی فەرمی نییە و بەشێک لە گەرەکەکانی سلێمانی لە شەمعەکانەوە ئاویان بۆ دێت و بەشێک لە تانکەرەکان لە سەرچاوەی ناپاکەوە ئاو دەهێنن بۆ ماڵەکان و فەرمی نین."
سامان بەرنجی وتیشی هۆکاری سەرەکی حاڵەتی زۆری سکچون و رشانەوە ئاوی خواردنەوەیە و دواتریش سەوزەواتە کە بە ئاوی پیس ئاو دەدرێن و "داوا لە هاوڵاتیان دەکەین کە وریابن لە کڕینی سەوزەوات و جوان بیشۆنەوە پێش خواردن، لە چێشتخانەکانیشدا نابێت بەکاربهێندرێن."

