بەرێوبەری تەندروستی سلێمانی: پزیشکان نیازیان وایە بایکۆت بکەن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

د.سەباح هەورامی، بەرێوبەری تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی وەرنەگرتنی موچەکانیانەوە پزیشکانی سلێمانی نیازیانوایە کە بایکۆتی دوامەکانیان بکەن، ئەمەش مەترسی دروست دەکات لەسەر کەرتی تەندروستی بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلیرا لە سلێمانی

ئەمڕۆ 7ی ئەیلولی 2023، سەباح هەورامی، بەرێوبەری تەندروستی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نەخۆشی کۆلێرا حاڵەتێکی لەناکاو بوو بۆیە پێویستی بەوە بوو "بودجەیەکی تایبەتی بۆ خەرج بکرێت، هەرچەندە ئێمە توانیومانە لەو بودجەیەی خۆمان پێداویستییەکان پڕبکەینەوە."

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی، تا ئێستا 117 حاڵەتی پشتڕاستکراوەی کۆلیرا لە سلێمانی تۆمارکراون. 

بەرێوبەری تەندروستی سلێمانی ئاشکرایکرد، "بابەتی موچە کێشەیەکی زۆر گەورەی بۆ دروست کردون و  فشارێکی زۆرمان لەسەرە لەلایەن پزیشکان و کارمەندانەوە کە بەتەمان دەوام نەکەن ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر نەخۆشی کۆلێرا و نەخۆشییەکانی تر."

سەباح هەورامی داواشی کرد کە مووچەی وەزارەتی تەندروستی لە پیشینەی موچەی وەزارەتەکان بێت و ئەگەر نەشبێت بە هاوتەریب لەگەڵ وەزارەتەکانی تر رۆژانە چەند نەخۆشخانەیەک و دامودەزگایەکی تەندروستی موچەی بدرێتێ بۆ ئەوەی لەماوەی 10 رۆژدا موچەی وەزارەتی تەندروستی تەواو ببێت. 

تا ئێستا دیار نییە کەی مووجە دابەش دەکرێت و فەرمانبەرانی هەرێم موچەی مانگەکانی تەمووز و ئابیان وەرنەگرتووە. لە راگەیاندراوەکەی دوێنێی حکومەتی هەرێمیش لەسەر کۆبونەوەی دوێنی ئەنجومەنی وەزیران هیچ ئاماژەیەک بەوە نەکراوە کە کەی لیستی موچە بڵاودەکرێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار