بەرێوبەرایەتی ئاوی سلێمانی: ئاوی ئێمە سەرچاوەی نەخۆشی کۆلێرا نییە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەریوبەرایەتی ئاوی سلێمانی لەسەر پاکژی سەرچاوەی ئاوی سلێمانی رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئاوی پرۆژەکانی ئەوان پاکە و بەرپرس نین لە پێدانی ئاوی پیس بە هاوڵاتیان و سەرچاوەکانی ئاویان هۆکارێک نییە بۆ بڵاوکردنەوەی نەخۆشی کۆلیرا.
بەرێوبەرایەتی ئاوی سلێمانی لە روونکردنەوەکەدا دەڵێت، سەرچاوەی پرۆژەی ئاوی دوکانی یەک و دوو لە بەنداوی دوکانەوە دێن و دوای پاکژکردن و فلتەر کردن و بەکلۆر کردنیان دابەشی گەڕەکەکانی سلێمانی دەکرێن، رۆژانەش چەندین جار لە تاقیگەکاندا نمونەی وەردەگیرێت بۆ پشکنین، بۆیە ئاوێکی پاک و خاوێن و تەندروستە بۆ خواردنەوە.
لە روونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتووە، "ئێمە بەرپرس نین لە چەند شەمعەیەکی نایاسایی لەسەر چەمی قلیاسان و چەمی تابجەرۆ یان بیری سەتحی ماڵەکان و شوێنە گشتییەکان" کە ئاوەکانیان شیاوی خواردنەوە نییە و تەنانەت هەندێک "شەمعە هەیە کە بەبێ چاودێری ئاوی لێ دەفرۆشرێت بەبیانوی باخداری یان بۆ کاری بیناسازی بەڵام بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت."
بەرێوبەرایەتی ئاوی سلێمانی دەشڵێت، بەرپرس نین لە سەرچاوەی ئەم ئاوە بێ چاودێریانە کە هۆکارێکە بۆ تووشبونی هاوڵاتیان بە پەتای سکچون و نەخۆشی کۆلیرا و هۆکاری ئەو نەخۆشیەش "ئاوی بەرهەمهاتووی پرۆژەکانی ئاوی سلێمانی نییە."
ئەمە لەکاتێکدایە کە دوێنێ پێنجشەممە سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، 117 حاڵەتی پشتڕاستکراوەی نەخۆشی کۆلێرا لە سلێمانی تۆمارکراون و هۆکاری سەرەکی گەڕاندەوە بۆ ئاوی پیس و وتی کە %20 دانیشتوانی سلێمانی سەرچاوەی ئاوی فەرمییان نییە.
