تورکیا دوای 950 ملیۆن دۆلار قەرەبوو لە عێراق دەکات
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، تورکیا لە دادگایەکی ئەمەریکا سکاڵایەکی لە دژی عێراق تۆمارکردوە و داوای 950 ملیۆن دۆلار قەرەبوو لە عێراق دەکات.
ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای کە بارەگاکەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە راپۆرتێکی لەبارەی کێشەکانی نێوان حکومەتی تورکیا و حکومەتی عێراق پەیوەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە، حکومەتی تورکیا لە دادگەی ناوچەی کۆڵۆمبیا لە واشنتن دی سی پایتەختی ئەمریکا سکاڵای دژی حکومەتی عێراق تۆمارکردووە و تێیدا داوا دەکات، نەک تەنیا هیچ پارە بە عێراق نەدات، بەڵکو دەڵێت، پێویستە بەغدا 950 ملیۆن دۆلاری پێ بدات.
بەپێی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس تورکیا دەبێت نزیکەی2.6 ملیار دۆلار قەرەبوو بداتە عێراق لەسەر ھەناردەی نەوتی کوردستان و چەند گرێبەستێک کە نزیکەی30 ساڵ لەمەوبەر لەنێوان ھەردوو وڵات ئەنجامدراوە، تورکیاش پێی وایە ئەو بڕیارە نادادپەروەرانەیە و دەبوو دادگا لە بەرژەوەندی تورکیا بڕیار بدات نەک عێراق.
پارێزەرانی تورکیا عێراق تۆمەتباردەکەن بەوەی دادگاکانی ئەمریکا وەک ئامڕازێک بۆ سکاڵاکانی دژی تورکیا بەرکاردەھێنێت، بۆیە بڕیاریانداوە ئەمجارە ئەوانیش لە دادگاکانی ئەمریکاوە سکاڵا دژی عێراق تۆماربکەن و داوای قەرەبوو بکەن.
بەگوێرە ئەو راپۆرتە، تورکیا دەڵێت، بە هەژمارکردنی رێژەی ئەو سوودەی کە دادگەی نێوبژیوانیی پاریس لەسەر ئەو قەرەبووە دیاریکردووە کە هەریەکەیان دەبێت بەوی دیکەی بدات، ئەو پارەیەی عێراق قەرزداری تورکیایە زیاترە لەو بڕەی کە دەبێت ئەنقەرە بە بەغدای بدات.
تورکیا دەڵێت، دوای هەژمارکردنی سوودی سەر قەرزەکان بە پێی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی پاریس، عێراق 2.6 ملیار دۆلار قەرەبووی بەردەکەوێت و تورکیاش 3.5 ملیار دۆلار.
جێگەیباسە مانگی ڕابردوو، وەزیری وزەی تورکیا و وەزیری نەوتی عێراق کۆبونەوەیەکییان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ئەنقەرە ئەنجامدا و جەختییان لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کردەوە دوای تەواوبونی نۆژەنکردنەوەی بۆری نەوتەکان.

