رێوڕەسمی ساڵیادی ژینا ئەمینی لە شاری سەقز بەڕێوەدەچێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
خانەوادەی ژینا ئەمینی رێوڕەسمی ساڵیادی ژینا لەسەر گۆڕەکەی لە شاری سەقز بەڕێوەدەبەن، داوا لە ھاووڵاتیان دەکەن لەکاتی بەڕێوەچونی رێوڕەسمەکەدا خۆیان لە ھەموو جۆرە توندوتیژییەک بپارێزن.
ئەمجەد ئەمینی و موژگان ئێفتخاری باوک و دایکی ژینا ئەمینی راگەیەنراوێکیان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ساڵیادی ژینا ئەمنیی بڵاوکردەوە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، وەکو ھەموو خانەوادەیەکی بریندار، لە ساڵیادی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، لەسەر گۆڕەکەی رێوڕەسمێکی تایەت بە رێوەدەبەن.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوکەدا داوا لە ھاووڵاتیان دەکەن، لەکاتی بەڕێوەچونی رێوڕەسمەکەدا خۆیان لە ھەموو جۆرە توندوتیژییەک بپارێزن.
ئەم راگەیاندنەی بنەماڵەی ژینا ئەمینی لەکاتێکدایە کە چەند ڕۆژێک لەمەوپێش و لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵڕۆژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی" شۆڕشی ژینا"،فشارەکان بۆ سەرخانەوادەی ژیناو خۆپیشاندەرانی تر دەستی پێکردووە.
هاوکات خاڵی ژینا ئەمینیش بە ناوی " سەفا عائلی" لە سەقز دەستبەسەر کراوە.
ژینا ئەمینی لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا لە ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٢، لەلایەن پۆلیسی رەوشت لە تاران دەستبەسەرکرا، دوای سێ رۆژ لە ١٦ی ئەیلول لە نەخۆشخانەی کەسرا لە تاران گیانی لەدەستدا.

