وەزیری تەندروستی: کۆلێرا نەخۆشییەکی گوازەوەیە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند، لە سلێمانی زیاتر لە 100 حاڵەتی توشبون بە نەخۆشی کۆلێرا تۆماركراون، لە هەولێرش 10 حاڵەت و کۆلێرا نەخۆشییەکی گوازراوەیە.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، یەکەمجارە نییە نەخۆشی کۆلێرا لە هەرێمی کوردستان بڵاوببێتەوە و ناوچەکانی عێراق هەرێم بە مۆڵگەی ئەو بەکتریایە ناسراوە و ژمارەی توشبوەکان لە سلێمانی زۆرە، بەڵام لە هەولێر و دهۆک کەمترە.
وەزیری تەندروستی هەرێم باسی لەوەشکرد، کۆلێرا نەخۆشییەکی گوازراوەیە و لە سلێمانی زیاتر لە 100 حاڵەتی توشبوی تێپەڕاندوە و 10 حاڵەتیش لە شاری هەولێر هەیە و هەمو ساڵێک لە دوای مانگی ئایارەوە دەست بە بەرنامەی کۆنتڕۆڵی نەخۆشییەکانی سکچون دەکەن.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، یەکێک لە نەخۆشییە مەترسیدارەکانی سکچون کۆلێرایە کە لەوانەیە ببیتە هۆی وشکبونەوە یان وەستانی گورچیلەی توشبو و بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی تەندروستی لە رێگەی چارەسەرکردنی سەرچاوەی ئاو و سەوزەواتەوە رێگری لە بڵاوبونەوەی دەکەن.
سەبارەت بە وەرگرتنی دەرمانیش بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشییە د. سامان بەرزنجی وتی، داوا لە هاوڵاتیانی هەرێم دەکەن لە دەرمانخانەی خاوەن مۆڵەت و متمانە و فەرمی دەرمان بکڕن و ئەگەر لە شوێنێک هەستیان بە جیاوازی نرخ کرد یاخود دەرمانی بێ ستیکەری وەزارەتی تەندروستی بینی لە رێگەی هێڵی گەرمی بەرێوەبەرایەتی تەندروستی ئاگاداریان بکەنەوە.

