وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەستدرێژی کردنە سەر کچە ڕۆژنامەنوسێک لە ئێران ئیدانە دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی هەینی ٨ی ئەیلوول، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ( تویتەر) دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر " نازیلا مەعرووفیان" کچە رۆژنامەنووسی سەقزی ئیدانە کرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆیان لەم بارەوە ئەم کردەوەیان وەک کارێکی  پلان بۆ داڕێژراو و قیزەون ناو برد و دەڵێن :" بوێری ژنانی ئێران لە بەرامبەر ئەم کردەوانە، کە بەمەبەستی ترساندنیان بەکاردێت، زیاتر دەردەکەوێت".

باسلەوەشکراوە کە " ئەمریکا بەردەوامە لە پشتیوانیکردن لە مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی خەڵکی ئێران و بەردەوامە لە هاوکاری کردنی هاوپەیمان و هاوبەشەکانی بۆ ئەوەی پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران وەڵامدەرەوە بن بەرامبەر بەم ئاکارەیان".

نازیلا مەعرووفیان، کچە رۆژنامەنووسی سەقزی کە ٣٠ ئاب، بۆ جاری سێهەم لە ماڵەکەی خۆی دەستگیرکرا، رۆژی چوارشەممە ٧ی ئەیلوول، لە پەیامێکی دەنگی لە زیندانی ئیڤینەوە رایگەیاند :" لە حاڵێکدا دۆخی تەندروستی زۆر خراپ بووە" لە گرتووخانە " دەستدرێژی" کراوەتە سەری.

نازیلا مەعرووفیان، کچە رۆژنامەنووسی سەقزی، بە ناڕەزایەتی بە هەڵسووکەوتی بەرپرسە حکوومییەکان و بەرپرسانی زیندان مانی لە خواردن گرتووەو لە پەیامێکدا  ئاماژە بە هەموو ئەو ژنانەی  لە "بنکەکانی پۆلیس، گرتووخانە و دادگاکان" رووبەڕووی توندووتیژی ئەبنەوە وتوویەتی :" مانگرتنی خواردنەکەی جگەلەوەی ناڕەزایەتییە بەرامبەر بە دۆخی خۆی، دەربڕینی دەنگی هەموو ئەو ژنانەیە کە لە ئێران لە خراپترین دۆخدا ئەژین".

هاوکات سەرچاوەیەکی نزیک لە نازیلا مەعرووفیان، پێشتر بە بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا راگەیاندبوو کە رۆژی ٣٠ ئاب کاتی دەستگیرکردنی ئەم رۆژنامەنووسە ٧ پۆلیس، دەرگاکەیان شکاندووە لە خەودا دەستگیریان کردووەو بە لێدان و ئەشکەنجە ، بە جلی خەوەوە لە ماڵ بردوویانەتە دەرەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار