سەرۆکی لقی یەکێتی مامۆستایانی دهۆک: دەوام ئاسایی دەبێت و بایکۆت ناکرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی لقی یەکێتی مامۆستایانی دهۆک رایگەیاند، دەوامی ساڵی نوێی خوێندن لە سنوری پارێزگاکە بەشێوەیەکی ئاسایی دەبێت و هیچ هەوڵێک نییە بۆ بایکۆتکردن.
وەهبی یونس، سەرۆکی لقی یەکێتی مامۆستایانی دهۆک لە لیدوانێکیدا بۆ هاوڵاتی رایگەیاند، "رۆژی چوارشەممە بەشێوەیەکی ئاسایی دەرگای خوێندنگاکان لەسنوری پارێزگای دهۆک دەکرێنەوە و مامۆستایان دەچنەوە ناوەندەکانی خوێندن، بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەت دیاریکردوە دەوام دەکرێت و بایکۆت ناکرێت."
بڕیارە رۆژی چوارشەممە 13ی ئەیلولی 2023 ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکات. مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی بایکۆتی دەوامیان راگەیاندووە بەهۆی وەرنەگرتنی موچەکانی مانگی تەموز و ئابەوە.
تا ئێستا حکومەتی هەرێم نەیتوانیووە موچەی ئەو دوو مانگە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات بەهۆی ئەوەی رایگەیاندووە کە پارەی پێویست لەبەردەستدا نییە بۆ موچە و بەغدا "سیاسەتی برسیکردن پەیڕەو دەکات." حکومەتی هەرێم تا ئێستا بڕیاری نەداوە کە قەرزەکەی حکومەتی عێراق وەربگرێت کە 500 ملیار دینارە و لەگەڵ داهاتی ناوخۆ دەتوانێت بەو بڕە پارەیە موچە دابین بکات و تەنها 100 ملیار دینار کورتهێنانی دەبێت.
وەهبی یونس سەبارەت بە پرسی بایکۆت کردن لە پارێزگای دهۆک دەڵێت، ئەوان پەیوەستن بە سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایان و "تا ئێستا ئاگادار نەکراوینەتەوە لەبارەی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن."
