ئێران 35 چالاکوانی شاری مەریوان دەستگیر دەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەهۆکارێکی نادیار و بەبێ هیچ تۆمەتێک 35 کەسیان لە رێکخراوێکی ژینگەیی شاری مەریوانی ئێران دەستگیرکرد.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 10ی ئەیلوولی 2023، 35 کەس لە ئەندامانی چیای سەوزی مەریوان لە کاتی کۆبونەوەی ئەنجومەنەکەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون.
یەکێک لە ئەندامانی چیای سەوزی مەریوان لەمبارەیەوە بە هاوڵاتی راگەیاند، "رۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەیەکی ئاسایی ئەنجومەن دەربارەی کار و چالاکییەکانمان، ژینگە و کوژاندنەوەی ئاگرەکان و بەرینی ئاگرەکان بەڕێوەچوو. لە کاتی کۆبوونەوەکەدا هێزە ئەمنییەکان بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر کۆبوونەوەکە و 35 کەسیان دەستگیرکردووە."
ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان دەشڵێت، دەست بە سەر مۆبایلی کەسەکاندا گیراوە و ژمارەی ئۆتۆمبیلەکانیان لێکراوەتەوە، دواتریش 32 کەس لە دەستگیرکراوەکان دوای ماوەیەک دەستبەسەربوون و لێپرسینەوە، کاتژمیر 2ی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ئازاد کراون، بەڵام سێ کەس لە ئەندامانی چیا بە ناوەکانی مادێح خۆشنەواز، کاوە کەریمیان، کاوە دەستان هێشتا دەستبەسەرن.
ئەم ئەندامەی چیا رەتی کردەوە کە کۆبوونەوەی ئەوان هیچ مەبەستێکی سیاسی لە پشت بووبێت و کۆبوونەوەکەی وەک کۆبوونەوەیەکی ئاسایی ئەنجومەن ناوبرد بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانی خۆیان.
چالاکێکی مەدەنی شاری مەریوان لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بۆ هاوڵاتی وتی کە دەستگیرکردنی ئەو کەسانە پەیوەندی بە نزیکبونەوەی یەکەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییەوە هەیە.
"ئەنجومەنی سەوزی چیا چەند ساڵە لە بواری ژینگە کار دەکات، کاری ئەوان خزمەتە بە ژینگە. ئەوەی کە بەم شێوەیە ئەم ژمارە زۆرە لە ئەندامانی چیا دەستگیرکراون، پەیوەندی هەیە بە نزیکبوونەوە لە 16ی ئەیلوول، ساڵیادی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشی ژینا. دەسەڵات لە هەموو ئەوانە ئەترسێت کە توانای ئەوەیان هەیە خەڵک کۆبکەنەوە و هانیان بدەن، جا کۆبوونەوەکە هەر مەبەستێک بێت"، چالاکوانەکە وای وت.
.jpg)
