ئێران: سەردانی بافڵ تاڵەبانی پەیوەندی بە حزبە دژبەرەکانەوە نییە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سەردانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی پەیوەندی بە لایەنی ئەمنییەوە نییە و "لەچوارچێوەی هاوکاری دوو لایەنەی کۆماری ئیسلامی و هەرێمی کوردستاندایە."
ئێران تا 19ی ئەم مانگەی دیاریکردووە بۆ عێراق کە چەک لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان دابماڵێت و دەشڵێت، ئەو وادەیەی دایریکراوە لەگەڵ حکومەتی عێراقی درێژی ناکەنەوە.
سەبارەت بەم پرسە و پەیوەندی بە سەردانی بافڵ تالەبانییەوە بۆ ئێران، ناسر کەنعانی وتی، سەردانەکەی سەرۆکی یەکێتی بۆ تاران "لە چوارچێوەی گفتوگۆ و هاوکاری ئەرێنیی دوو لایەنەی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراقدایە و هیچ پەیوەندیی بە وادەی دیاریکراو و قسەکردن لەسەر درێژکردنەوەی کاتی دیاریکراوەوە نییە."
ناسر کەنعانی وتیشی، "حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا هەندێک هەنگاوی باشی ناوە و جەختی لەسەر پابەندی خۆی بەو رێککەوتنەوە کردووەتەوە."
حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سوورن لەسەر ئەوەی کە ئەم هەڵمەتەی ئێران بۆ ئەوەیە خۆپیشاندان لە ئێران دەستپێنەکاتەوە لەکاتی نزیکبوونەوەی ساڵیادی ژینا ئەمینی و دەشڵێن، "چەک دانان لای ئێمە هێڵی سوورە."
