مامۆستایانی وانەبێژ بایکۆتی پرۆسەی خوێندنیان راگەیاند
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مامۆستایانی وانەبێژ لە ھەرێمی کوردستان بە ڕاگەیەندراویک ڕایانگەیاند لەگەڵ دەستپێکی خوێندن بایکۆتی دەوام دەکەن .
لە ڕاگەیەندراوەکەی مامۆستایانی وانەبێژدا هاتووە، "بەکۆی دەنگی سەرجەم نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لەسەرجەم پەروەردەکان بڕیارماندا ھەر لەسەرەتای کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن لە ١٣ی٩ ڕۆژی چوارشەممە بایکۆتی پڕۆسەی خوێندنی ساڵی ٢٠٢٣_٢٠٢٤ بکەین نەچینەوە ناوەندەکانی خوێندن تا ئەوکاتەی حکومەتی ھەرێم بەکردار و بەکتابی فەرمی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بەیاندەکات ، لەھەمان ڕۆژ خۆپیشادان لەبەردەم پەروەردەکان ئەنجام دەدەین . "
نوێنەری گشتی وانەبێژانی ناڕازییش دەڵێت، ناچنەوە ناوەندەکانی خوێندن تا ئەوکاتەی حکومەتی ھەرێم بە کردار و بە نوسراوی رەسمی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بەیاندەکات، لەھەمان ڕۆژیش خۆپیشادان لەبەردەم پەروەردەکان ئەنجام دەدەن.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی مامۆستایانی وانەبێژ:
بەناوی خودای دڵۆڤان
بۆ / ڕای گشتی
_ حکومەتی ھەرێم
_ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن
بابەت { بایکۆتی پرۆسەی خوێندن }
لەساڵی ٢٠١٤ حکومەتی ھەرێم بەبیانوی جۆراوجۆر
ستەم لەمامۆستایانی وانەبێژ دەکات و وەڵامی داواکاریە ڕەواکانمان ناداتەوە کە بریتیە لە { دامەزراندن } .
لای ھەمووان ڕوونە بەپێی ساڵنامەی خوێندن
ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی٩ی٢٠٢٣ دەرگای ناوەندەکانی خوێندن دەکرێتەوە ، بەبێ ئەوەی حکومەتی ھەرێم ھیچ ھەنگاوێکی کردەیی نابێت بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکانمان . سەرەڕای ئەمەش وا ھەنگاو دەنێین بۆ مانگی دە ھیشتا مامۆستایان شایستەی مانگی حەوتیان وەرنەگرتووە !
بۆیە بەکۆی دەنگی سەرجەم نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لەسەرجەم پەروەردەکان بڕیارماندا ھەر لەسەرەتای کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن لە ١٣ی٩ ڕۆژی چوارشەممە بایکۆتی پڕۆسەی خوێندنی ساڵی ٢٠٢٣_٢٠٢٤ بکەین نەچینەوە ناوەندەکانی خوێندن تا ئەوکاتەی حکومەتی ھەرێم بەکردار و بەکتابی فەرمی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بەیاندەکات ، لەھەمان ڕۆژ خۆپیشادان لەبەردەم پەروەردەکان ئەنجام دەدەین .
لێرەوە بەقوتابیان و کەس و کاری قوتابیان ڕادەگەیەنن ئۆباڵی پەکخستنی پڕۆسەی خوێندن دەخەینە پاڵ حکومەتی ھەرێم .
لەکۆتایدا داواکارین لە لەسەرجەم چین و توێژە جیاوازەکان پشتوان و پشتگیرمان بن بەتایبەت بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن و بەڕێوەبەری پەروەردەکان و کەس و کاری قوتابیان و یەکێتی مامۆستایان .
سوپاس و پێزانینمان ھەیە بۆ ھاوپیشەکانمان لەمامۆستایانی میلاک کەھەمیشە پشتگیر و پشتیوانی مامۆستایانی وانەبێژ بووە لەیاداشت و بەیاننامەکانیان داواکاری سەرەکیان بریتی بووە لە دامەزرادنی مامۆستایانی وانەبێژ .
کارۆخ عبدالڵە گوڵاوی
نوێنەری گشتی وانەبێژانی ناڕازی لە ھەرێم .
دوو شەممە ١١ ی ٩ ی ٢٠٢٣ زاینی .
